یەدووڵا شوکری لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی، وتی: کاڵا هاوردەکراوەکان ئەوانە لە خۆ دەگرن کە لەم ماوەیەدا لە ڕێگای ئاڵوگۆڕە سنورییەکانەوە ڕاگەێندراوە و لە خاڵی سنوری شێخ سڵە دەخرێنە کۆگاکانەوە و پاشان بە ڕێکاری یاسایی ئازاد دەکرێن.
ناوبراو وتی: چالاکوانانی بازرگانی دەتوانن لە ماڵپەڕی تایبەت بە ناوی “تجارت آسان” لە بەشی کۆڵبەری ناوی خۆیان تۆمار بکەن و چاوەڕوانی ئەوە دەکەین کە لەم بوارەدا هاوکاری پێویستیان هەبێت تا بتوانین بە هاوکاری دانیشتووانی سنورەکە، چالاکی لەم بازاڕچەیە بەردەوام و گەشەی هەبێت،
قایمقامی سەلاسی باوەجانی وتی: حەوت هەزار و 500 هەڵگری کارتی چالاک لە قەزای سەلاسی باوەجانی دەتوانن کەڵک لەم ئیمتیازەی هاوردەی کاڵا وەربگرن.
شوکری وتی: هاوردەی کاڵا لە خاڵی سنوری شێخ سڵە بە شێوازی فەرمی دەکرێت و لە گەڵ کۆڵبەری کە لە ناوچەکانی دیکە دەبینرێت، جیاوازیی هەیە.
وتیشی: سەرجەم ئامادەکارییەکان بۆ هاوردەی کاڵا دابین کراوە و دامەزراوەکانی گومرۆک و پاسەوانی سنور چاودێری پرۆسەکە دەکەن و ئەوانەش کە لەم بوارەدا دەیانەوێت چالاکی بکەن دەتوانن بە پێی لیستی کاڵای ڕێگاپێدراو، هاوردە بکەن.
ژێرخانەکانی خاڵی سنوری شێخ سڵە تەواو دەکرێت
قایمقامی قەزای سەلاسی باوەجانی لە بەشێکی دیکەی ئەم وتووێژە ڕایگەیاند کە تەواوکردنی ژێرخانەکانی خاڵی سنوری شێخ سڵە لە ڕیزی یەکەمایەتی ئەم قەزایەدایە و وتی: لە داهاتوویەکی نزیکدا 15 هێکتار زەوی لە ژێرخانی ئەم خاڵە سنورییە زیاد دەکرێت.
یەدووڵا شوکری وتی: لە ئێستادا 14 سەکۆی تایبەت بە ئاڵوگۆڕی کاڵا چالاکە و بەشێک لەوانیش نۆژەن دەکرێنەوە.
ناوبراو وتی: بەڕێوەبەرایەتی ڕێگاوبانی پارێزگای کرماشان ژێرخانەکانی هاتووچۆ لەم خاڵە سنورییە دابین دەکات و ئەمەش کاریگەریی لە سەر باشتربوونی دۆخی ئەم خاڵە سنورییە دەبێت.
بازاڕچەی سنوریی شێخ سڵە لە ساڵی 1997 دەستی بە چالاکییەکانی کردووە و لە ڕیزی بازاڕچە فەرمییەکانی ئێراندایە کە کەوتووەتە 45 کیلۆمەتری شاری تازەئاوای ناوەندی قەزای سەلاسی باوەجانی و نزیک گوندێک بەم ناوە و بە ڕوبەڕێکی 4 هێکتاری ڕۆژانە ئاڵوگۆڕەکانی تێدا بەردەوام دەبێت.
پارێزگای کرماشان بە 371 کیلۆمەتر سنوری هاوبەش لە گەڵ هەر دوو بەشی کوردی و عەرەبی عێراق و هەبوونی 6 خاڵی سنوری و بازاڕچەی چالاک، ساڵانە نیوەی کۆی گشتی هەناردەی نانەوتی ئێرانی بۆ عێراق لە کارنامەی خۆیدا تۆمار کردووە./.