بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حازم باوی شرۆڤەکاری سیاسی عێراقی ڕایگەیاندووە کە دەرفەتێکی گونجاو کەوتووەتە بەردەم حکومەتی بەغدا تا لە ڕێگای نزیکبوونەوە لە ئیدارەی بایدن، سەبارەت بە دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا بگاتە ڕێکەوتن.
ناوبراو وتی: دەبێت حکومەتی بەغدا ئەم دەرفەتە بە گرنگ بزانێت، لە بەر ئەوەی کە بایدن بەڵێنی پێداچوونەوەی بە سیاسەتی دەرەوەی سەردەمی دوناڵد ترەمپ داوە، هەر بۆیە حکومەتی عێراق دەتوانێت هەنگاو بەرەو جێبەجێکردنی بڕیارەکەی پەرلەمان هەڵبگرێت.
باوی ڕایگەیاندووە کە حکومەتی بەغدا دەبێت داوای ڕادەستکردنی دۆسیەی ئەمنی لە ئەمریکییەکان بکات.
ئەم شرۆڤەکارە سیاسییە هەروەها ڕایگەیاندووە کە ڕەهەندە ئابورییەکانی ڕێکەوتنی ستراتیژی نێوان بەغدا و واشنتن دەبێت چالاک بکرێت و نابێت ئەو ڕێکەوتنە تەنیا لە بواری سەربازیدا سنوردار بکرێت./.