بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ژان ئیۆ لۆدریان لە وتووێژی لە گەڵ ڕادیۆی France Inter ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی دوناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری پێشووی ئەمریکا گرت و وتی کە ئەو سیاسەتانە تەنیا گرنگیی بە ویلایەتە یەکگرتووەکان دەدا.
ناوبراو بە ئاماژە بە کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێکەوتنی ناوەکی ئێران لە ساڵی 2018، وتی: هاوکات لە گەڵ کشانەوەی ئەمریکا لەو ڕێکەوتنە، ئێرانییەکانیش بەڵێنەکانی خۆیان هەڵپەسارد و پیتاندنی یورانیۆمیان لە ئاستی لە سەدا 20 دەستپێکرد.
لۆدریان وتی: ئێمە دەبێت ڕێگایەک بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێکەوتنی ڤیەننا بدۆزینەوە. ئەمە بە هەمان شێوە بۆ ئێرانیشە. ئێمە کەوتووینەتە دۆخێکی پێچەوانەی ئەوەی کە ترەمپ باسی دەکرد، ئامانجی ترەمپ ئەوە بوو کە لە ڕێگای گوشارەکانەوە ئێران لە گەیشتن بە چەکی ناوەکی دوور بکاتەوە./.