بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ناوی شێروان بۆ نەخشی شێرێک دەگەڕێتەوە کە شێوازەکەی لە داوێنی شاخێک لە چەند کیلۆمەتری باشوری شارەکەدایە. ئەو شاخە بە شێرکوە ناسراوە.
شێروان لە کۆنترین ناوەندەکانی کەلتور، مێژوو و شارستانیەتی خۆراسانی باکور و ئێرانە و شارستانیەتەکەی بۆ 7 هەزار ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە.
تا ئێستا زیاتر لە 120 ئاسەواری مێژوویی و ناوەندی کەلتوری و ڕۆشنبیری لەم قەزایەدا تۆمار کراون. قەڵای شێروان پێشتر ناوەندی حکومەت و دەسەڵاتدارێتی ناوچەی باکوری خۆراسان بووە و ئێستا بە گەورەترین و گرنگترین شوێنی مێژوویی باکوری ڕۆژهەڵاتی ئێران دادەنرێت. قەڵاکە کۆنترین شوێنی ژیانە لە خۆراسانی باکور و لە لایەن شوێنەوارناسانی ئێرانی و بیانی توێژینەوەی زۆری لە سەر کراوە. گۆڕستانی زەردەشتەکان لە نزیک ئەم قەڵایە و هەروەها گوندە مێژووییەکانی گڵیان و خانلەق گوزارشت لە ژیانی زەردەشتەکان لەو ناوچەیە دەکەن.
لە سەردەمی پێش ئیسلام شێروان پایتەختی نەتەوەی پارت بووە. دیاکۆنۆف توێژەر و نووسەری ڕووسی پێی وایە کە یەکەم ئیمپراتۆریەتی بەهێزی پارتەکان لە شێروان دامەزراوە. شێروان لە سەردەمی ئەشکانییەکان ناوچەی ژێر دەسەڵاتی ئەوان بووە و لە سەردەمی پاش ئیسلامیش لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی خواڕەزمییەکان کە دەکاتە سەدەی 6 ی کۆچی مانگی، چەندین بینای مێژوویی وەک مەرزارگەی ئیمامزادە سوڵتان محەممەدڕەزا بە یادگار ماوەتەوە. لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی گوڕکانییەکان ناوچەکە زیانی زۆری پێگەیشت و خەڵکێکی زۆری لێ کوژرا.
لە سەردەمی سەفەوییەکان گرنگترین ڕووداوی ناوچەکە، کۆچی زۆرەملەی 40 هەزار خێزانی کورد بۆ ئەو ناوچە بووە کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێرشی ئۆزبەکەکان لە لایەن شاعەباسەوە کراوە. ئەم شارە لە سەردەمی حکومەتی قاجاڕەکانیش بەردەوام یەکێک لەو ناوچانە بووە کە شوێنی شەڕ و پێکدادانی دەسەڵاتدارانی خۆجێی بووە.
ساڵی 1308 ی کۆچی هەتاوی بە هۆی بومەلەرزەوە بە تەواوی شارەکە ڕووخاوە و پاش دوو ساڵ بە شێوازی نوێ بونیاد نراوەتەوە. ئەڵبەت شێروانی ئێستا هیچ لە شێوازی شێروانی کۆن و مێژوویی ناچێت./.