نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران ڕایگەیاندووە کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایانگەیاندووە کە کورتە فیلمی تەوەکول هەڵوێستی فەرمی ئەوان نییە و تەنانەت بە شوێن ئەو کەسانەشدا دەگەڕێن کە فیلمەکەیان بەرهەمهێناوە.
بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، نازم دەباغ ڕایگەیاندووە کە کۆماری ئیسلامی ئێران داوای لە سەرکۆنسووڵی خۆی لە هەولێر کردووە کە لە سەر ئەو بابەتە و لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕوونکردنەوە بدات کە فیلمەکە گوزارشت لە هەڵوێستی فەرمی تاران ناکات.
ناوبراو وتی: چەند لایەنێکی ئێرانی کە ئێمە پەیوەندیمان بەوانەوە گرتووە، ڕایانگەیاندووە کە سیاسەتی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕێزگرتنە لە سەرکردەکانی کورد بە تایبەت ئەوانەی کارێزمایان هەیە.
نازم دەباغ وتی: پێم وایە کە کەناڵی فەرمی بەرپرسی ئەم کارە نەبێت و هەڵوێستی فەرمی کۆماری ئیسلامی ئێران نییە و لەوانەیە کە کەسانێک هەبن بە سرووشتیی بزانن کە فیلمێکی دیکیۆمێنتاری وەها بڵاو بکەنەوە./.