بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەرەڕای ئەوەی کە هێزە ئەمنییەکانی عێراق بە تایبەت لە ناوچەکانی باشوری ئەم وڵاتە خراونەتە حاڵەتی وریاییەوە، داعش بە کردەوە تیرۆریستییەکەی پێنج شەممەی ڕابردووی بەغدا کە 35 کوژراو و زیاتر لە سەد برینداری لێکەوتەوە، بەردەوامە لە کردەوە تیرۆریستییەکان لە چەندین ناوچەی وەک باکور و ڕۆژئاوای عێراق.
بۆ نموونە، لە کردەوەیەکی تیرۆریستانی داعش لە شەوی یەک شەممەی ڕابردوو لە باشوری تکریت لە پارێزگای سەلاحەدین، 10 ئەندامی هێزەکانی حەشدی شەعبی شەهید و 11 کەسی دیکەش بریندار بوون، هاوکات لە پارێزگای نەینەوا هێرش کرایە سەر هێزێکی هاوبەشی حەشد و سوپای عێراق کە ژمارەیەک برینداری لێکەوتەوە.
کردەوە تیرۆریستییەکانی ئەمجارەی داعش لە کاتێکدایە کە دەزگا ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق وەک سوپا، دژە تیرۆر، حەشدی شەعبی، پۆلیسی فیدراڵی و دەزگای هەواڵگری بۆ لەناوبردنی شانە نوستووەکانی داعش و پاشماوەی ئەو گرووپە تیرۆریستییە لە هەوڵی بەردەوامدان.
سەرچاوەیەکی باڵای سەربازی لە عێراق ڕایگەیاندووە کە پرۆسە سەربازییەکانی تۆڵەی خوێنی شەهیدەکان بە ئامانجی لەناوبردنی شانە نوستووەکان و پاشماوەی تیرۆریستانی داعش بەڕێوە دەچێت و جەختی لەوەش کردووەتەوە کە دەزگای هەواڵگری و هێزە چەکدارەکان هێشتا بە زانیاری ڕاست و درووست لە سەر کردەوە تیرۆریستییەکەی گۆڕەپانی تەیرانی بەغدا نەگەیشتوون.
ئەو بەرپرسە سەربازییەی عێراق هەروەها ڕایگەیاندووە کە چالاکییەکانی تیرۆریستانی داعش لەم وڵاتە پەیوەندی بە هاتنی ژمارەیەک لە تیرۆریستان لە سنورەکانی سوریاوە هەیە.
ڕاشیگەیاندووە کە زۆربەی تیرۆریستانی چالاک لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا بە ڕەگەز عێراقین و تیرۆریستی خۆکوژن و لە دیوی سوریاوە هێزەکانی هەسەدە ناتوانن بە شێوازی گونجاو کۆنتڕۆڵی سنورەکان بکەن.
کەریم شەبەکی بەرپرسی بەرەی باکوری هێزەکانی حەشدی شەعبی ڕایگەیاندووە کە شەپۆلی نوێی کردەوە تیرۆریستییەکان لە لایەن ئەو کەسانەوە نەبووە کە بەم دواییانە بڕیاری ئەنجامدانی کردەوە تیرۆریستییەکانیان داوە بەڵکوو زۆربەی ئەوان لە سوریاوە هاتوونەتە عێراق.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە ژمارەی ئەو تیرۆریستانە نزیکەی 300 کەسە و دەبێت بە وردی شوێنەکانیان دیاری بکرێت، ئەوان بە شێوازی ڕێکخراو چالاکی ناکەن و بوونەتە مەترسی لە سەر بەغدا و ناوچەکانی باکوری عێراق.
لە ڕۆژانی ڕابردوو ڕاگەێندرا کە 15 تیرۆریستی خۆکوژ لە شاری بەغدان و ئەمەش نیگەرانی ئەمنی زۆری لێکەوتەوە.
محەممەد ساعدی ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی پارێزگای بەغدا ڕایگەیاندووە کە نزیکەی 9 ملیۆن کەس لە شاری بەغدا ژیان بە سەر دەبەن و کێشەیەکی ئەمنی دەتوانێت کارەساتی لێبکەوێتەوە، ئەگەر ئەو 15 خۆکوژە لە شارەکەدا بن.
هاوپەیوەند لە گەڵ ئەمەش کەریم عەلیوی ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە کە چالاکی دووبارەی داعش نیگەرانیی لای سیاسییەکان لێکەوتووەتەوە، بە تایبەت لە پاش دوو تەقینەوەکەی شاری بەغدا و پێویست بە پێداچەونەوە بە پلانە ئەمنییەکان و پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە دەکات کە وایکردووە تیرۆریستان دزە بکەنە پایتەخت.
هەروەها ئنتسار جبوری ئەندامی هاوپەیمانی هێزە عێراقییەکان لە پەرلەمانی ئەم وڵاتە ڕایگەیاندووە کە شەڕی ئێستای دژ بە داعش تەنیا شەڕێکی سەربازی نییە و پێویست بە هەوڵی بەردەوامی هەواڵگری دەکات.
شایانی ئاماژەیە کە عێراق ساڵی 2017 سەرکەوتنی دژ بە گرووپی تیرۆریستی داعشی ڕاگەیاند بەڵام هێشتا پاشماوەی ئەو تیرۆریستانە و شانە نوستووەکانی لە ناوچە جیاجیاکانی وەک بەغدا، سەلاحەدین، ئەنبار، کەرکوک و دیالە چالاکی دەکەن./.