وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لە سەر هەڵوێستی ئەمریکا بۆ پاڵپشتی لە خۆپێشاندانەکانی مۆسکۆ هاتە دەنگ و ئامۆژگاری بەرپرسانی کۆشکی سپی کردووە کە کێشە ناوخۆییەکانی خۆیان چارەسەر بکەن.
بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لێدوانەکانی باڵیۆزی ئەمریکا لە ڕووسیا و هەروەها وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بە خۆپێشاندانی لایەنگرانی کەسایەتییەکی ئۆپۆزسیۆنی نەیاری سەرۆک کۆماری ڕووسیا، کاردانەوەی وەزارەتی دەرەوەی ئەم وڵاتەی لێکەوتەوە.
ئاژانسی تاس ڕایگەیاندووە کە وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا هۆشداریی داوەتە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و ئامۆژگاری ئەوەیکردووە کە ئەوان کێشە ناوخۆییەکانی خۆیان چارەسەر بکەن و لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتانی دیکە دەستێوەردانیان نەبێت.
وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاندووە کە دووفاقی بووەتە ئامرازێکی مەترسیدار بۆ سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بە تایبەت لەم سەردەمەی قەیرانی کۆرۆنا و باشتر وایە کە ئەوان ئاگایان لە وڵاتی خۆیان و کێشە ناوخعییەکانی بێت./.