ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند کە بەغدا ئامادەیە دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان بە هەموو گرفتەکانیەوە وەربگرێت و لە بەرامبەریدا شایستە داراییەکانی هەرێم دابین بکات.
ئەحمەدی حاجی ڕەشید ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی سەبارەت بە دوایین زانیارییەکان لە سەر پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2021 ی ئەم وڵاتە وتی: کۆبوونەوەکانی لێژنەی دارایی پەرلەمان لە سەر پرۆژە یاساکە بەردەوامە، تا ئێستا زۆرێک لە وەزارەت و دەستە و دامەزراوەکانی عێراق بینراون. دانوستانەکانیش لە گەڵ شاندی هەرێم و پارێزگارەکان بەردەوام دەبێت و پێدەچێت هەفتەی داهاتوو دەنگدان لە سەر بڕگەکانی پرۆژە یاساکە لە نێو لێژنەی دارایی دەست پێبکات و ئەو کاتە دەبرێتە هۆڵی پەرلەمان بۆ دەنگدانی گشتی.
ناوبراو لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە ڕێکەوتنی هەولێر و بەغداش وتی: ڕێکەوتنی هەرێم و ناوەند لە سەر بنەمای بوونی ئیرادەیە. حکومەتی عێراق ڕایگەیاندووە کە ئامادەیە دۆسیەی نەوتی هەرێم بە هەموو گرفتەکانیەوە وەربگرێت، ئەگەر هەرێم ئەمەش قبووڵ ناکات ئامادەیە 250 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بە نرخی سۆمۆ وەردەگرێت. بە پێی دوایین داتا و لێکدانەوەکان و بە تایبەت ڕاپۆرتەکەی دیلۆت کە دەریدەخات لە سەدا 55 ی دەرهێنانی نەوتی هەرێم بۆ کۆمپانیاکانە و لە سەدا 45 ی بۆ حکومەتی هەرێمە، ڕادەستکردنی داهاتی نەوت بە نرخی سۆمۆ لە زیانی حکومەتی هەولێرە، هەر بۆیە هەرێمی کوردستان بەدەر لەم دوو پێشنیارە بژاردەی دیکەی نییە. بە بۆچوونی من باشترە کە هەرێمی کوردستان لە ئێستادا لە گەڵ حکومەتی بەغدا ڕێکەوتن بکات، لە بەر ئەوەی کە دۆخی ناوچەکە بە تەواوی لە بەرژەوەندی هەرێمدا نییە و نابێت حکومەتی هەولێر چیدی یاری بە چارەنووسی فەرمانبەرانەوە بکات.
ئەندامەکەی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە درێژەدا وتی: هەرێمی کوردستان تا ئێستا نیازپاکی خۆیی پیشان نەداوە و نەوتەکەیی هەرزانفرۆش کردووە و فرۆشتنەکەی لە ڕێگای کۆمپانیای سۆمۆ نەبووە و ئەمەش یەکێکە لە گرفتەکانی بەردەم ڕێکەوتن لە گەڵ حکومەتی ناوەند. لە لایەکی دیکەوە حکومەتی هەرێم ئامادە نییە داتا و زانیارییەکانی سەبارەت بە نەوت و خاڵە سنورییەکان و هەروەها ژمارەی فەرمانبەران ڕادەستی حکومەتی ناوەندی عێراق بکات. ئەم کۆمەڵە ئاستەنگانە بێ متمانەییان لە نێوان هەر دوو لا درووست کردووە، لە ئێستادا پێویست بەوە دەکات کە هەولێر و بەغدا ئەو متمانەیە درووست بکەنەوە و نیازپاکی خۆیان بسەلمێنن.
ئەحمەدی حاجی ڕەشید سەبارەت بەوەش کە ئەگەر ڕێکەوتنەکە نەکرێت، دۆخی ئابوری هەرێمی کوردستان بە تایبەت دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران بەرەو کوێ دەڕوات، وتی: ئەگەر هەولێر و بەغدا نەگەنە ڕێکەوتن، دۆخی ئابوری هەرێمی کوردستان بەرەو خەراپتربوون دەڕوات و حکومەتی عێراق کۆمەڵە کارتێکی بەهێزی هەیە کە دەتوانێت بەکاریان بێنێت، حکومەتی بەغدا وەک حکومەتێکی خاوەن سەروەری دەتوانێت بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی خۆی کەڵک لە قەرزی ناوخۆیی و دەرەکی وەربگرێت بەڵام حکومەتی هەرێم ئەمەی بۆ ناکرێت./.