شرۆڤەکارێکی باڵای کاروباری نێودەوڵەتی وتی کە پاشماوەکانی داعش پەیامی ئەوەیان بە سەرۆک کۆماری نوێی ئەمریکا داوە کە ئامادەیی و هێزی ئەوەیان هەیە بتوانن چاوەڕوانییەکانی لە پێکهێنانی گرووپێکی نوێی تیرۆریستی لە عێراق دابین بکەین.
بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید جەعفەر قەنادباشی لە وتووێژێکدا سەبارەت بە تەقینەوەکانی شاری بەغدا وتی: ئەو دوو تەقینەوەیە کە لە شاری بەغدا و لە یەکەم ڕۆژی دەستبەکاربوونی جۆبایدن وەک سەرۆک کۆماری نوێی ئەمریکا ڕووی داوە، بەدەر لەوەی کە لە ڕووی سەربازی و ئەمنییەوە گرنگییەکی وەهای نییە، بەڵام پیشاندەری ئەوەیە کە هەوڵێکی ئەمریکی، زایۆنیستی و ژمارەیەک لە وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە بۆ زیندووکردنەوەی گرووپی تیرۆریستی داعش لە ئارادایە.
ناوبراو وتی: داعش وەک جاران گرنگی بە موسڵ نادات و بە فەرمی ئەو پارێزگایەی وەک پێگەی یەکەمی خۆی لە دەست داوە، وەک چۆن کە شەهید قاسم سولێمانی ڕایانگەیاندبوو ئاڵای داعش وەک حکومەتێکی خەلافەت بە تەواوی داڕووخاوە، بەڵام پاشماوەی تیرۆریستان ماون و بەرەی ڕۆژئاوا، زایۆنیستی و عەرەبی هەوڵی گەڕانەوەی دەدەن.
قەنادباشی وتی: خواستێک لە سەر زیندووکردنەوەی داعش دەبینرێت، لە بەر ئەوەی کە پارەیەکی زۆر لە پێناو ئەو گرووپەدا بەکار هێنراوە و بە پێی تاوانەکانی لە ناوچەکە دەیانەوێت زیندووی بکەنەوە، هەر بۆیە پاشماوەکانی داعش سەرقاڵی گەیاندنی ئەو پەیامەن بە ئیدارەی نوێی ئەمریکا کە ئێمە ئامادەین و توانای سەربازیمان هەیە کە چاوەڕوانییەکانی ئێوە بۆ زیندووکردنەوەی داعش یان پێکهێنانی گرووپێکی تیرۆریستی دیکە دابین بکەین.
وتیشی: زیندووکردنەوەی داعش سیاسەتی بایدن و دیمۆکراتەکانە بەڵام هەندێک گومان لە سەر ئەوە هەیە کە نەتوانن وەک ڕابردوو چالاکی بکەن، من لەو بڕوایەدام کە داعش وەک ڕابردوو هێزی نەماوە، هەلومەرجەکە بە تەواوی گۆڕاوە و داعش بۆ دەستپێکردنەوەی چالاکییەکانی ڕوبەڕوی کێشە و بەربەستی جیدی بووەتەوە.
ناوبراو سەبارەت بە کێشە و بەربەستەکانی بەردەم دیمۆکراتەکان بۆ زیندووکردنەوەی داعش وتی: هەلومەرجی گرووپی تیرۆریستی داعش بۆ کۆکردنەوەی ئەندامی نوێ وەک ڕابردوو نییە، ئەوان پێشتر خۆیان وەک فریادڕەس و پاڵپشتی سوننەی عێراق دەناساند، ئێستا وا نییە و عێراقییەکان دەزانن چ تاوانێکیان بەرامبەر کراوە، بەدەر لەمەش داعش و لایەنگرانی و ئەوانەش پێکهێنەری بوون بە تەواوی ڕیسوا کراون.
ئەم شرۆڤەکارە نێودەوڵەتییە وتی: بابەتی دیکە بۆ دۆخی ئەمریکا، ڕژێمی زایۆنیستی و وڵاتانی گوێڕایەڵی ئەوان لە ناوچەکە دەگەڕێتەوە کە هێزی جارانیان نەماوە. وڵاتانی عەرەبی بە هۆی قەیرانی داراییەوە چیدی توانانی دابینکردنی سەرچاوە داراییەکانی گرووپێکی تیرۆریستی وەک داعشیان نەماوە، ئەمریکاش وەک دەبینرێت تووشی گەورەترین کێشەی ناوخۆیی بووەتەوە، زایۆنیستەکانیش ئەزموونی شکستەکانی ڕابردوویان لە بەرامبەر گرووپەکانی خۆڕاگری هێشتا لەبیر ماوە.
ناوبراو وتی: گەلی عێراق، حەشدی شەعبی، گرووپەکانی خۆڕاگری و هەروەها لە سوریاش ئەزموونی زۆر باشیان لە بەرەنگاربوونەوەی داعش هەیە، تەکتیک و شێوازی شەڕ و خۆحەشاردانی ئەو تیرۆریستانە دەزانن و ئەمەش گەورەترین بەربەستی بەردەم زیندووکردنەوە و گەڕانەوەی داعشە.
سەید جەعفەر قەنادباشی وتی: ئەمریکییەکان سوپایەکی لاوازیان هەیە و ناتوانن بە ئاشکرا لە ناوچەکە چالاکی بکەن و چاویان بڕیوەتە سوپا نهێنییەکەی خۆیان، هاتنی بایدن بۆ کۆشکی سپی دەتوانێت هەوڵێکی ئەوان بۆ گەڕانەوەی داعش لە ناوچەکە بێت، وەک چۆن داعشیش بە تەقینەوەکانی بەغدا ئەو پەیامەی بە سەرۆک کۆماری ئەمریگا گەیاند.
ناوبراو لە کۆتاییدا وتی: ئەمریکییەکان نایانەوێت بژاردەی بەکارهێنانی داعش بەلاوە بنێن، ئەوان لەم پرۆژەیە بەو هەموو تێچووە داراییەوە دەیانەوێت بۆ ئاڵۆزکردنی ڕەوشی ناوچەکە، لاوازکردنی وڵاتانی ئیسلامی، دابڕانی سنوری وشکانی نێوان وڵاتانی بەرەی خۆڕاگری و پیشاندانی ڕواڵەتێکی پێچەوانەی لە ئیسلام کەڵک وەربگرن./.