سەرۆکی هاوپەیمانی عێراقیون جەختی لە سەر هەوڵی بەردەوامی هێزە ئەمنی و هەواڵگرییەکان بۆ ڕێگری لە گەڕانەوەی تیرۆریستان و بەهێزبوونی دووبارەیان لە عێراق کردەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید عەمار حەکیم وێڕای ئیدانەکردنی تەقینەوەکانی ئەم دواییەی گۆڕەپانی تەیرانی بەغدا وتی: دەرفەتێک بۆ گەڕانەوەی تیرۆریزم بۆ عێراق نییە، ڕەنگە لە هەندێک ناوچەکە چالاکییەک بکەن بەڵام وەک جاران ناتوانن ڕۆڵ بگێڕن.
ناوبراو بە ئاماژە بەوەی کە تیرۆریزم پێگەی کۆمەڵایەتی، ژێرخان، سەرچاوەی مرۆڤی و پاڵپشتی دەرەکی خۆیی لە دەست داوە، وتی: ئێمە دەبێت ئاستی وشیاری و ئامادەیی خۆمان بۆ نەهێشتنی کەلێنە ئەمنی و کۆمەڵایەتییەکان بەرز بکەینەوە.
سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی وتی: ئەمڕۆ شەڕ، شەڕی ئەمنی و هەواڵگرییە و داعش چیدی هەڕەشەیەکی سەربازی نییە بەڵکوو زیاتر کێشەیەکی ئەمنییە و پێویستی بە ڕێکاری ئەمنی و لەناوبردنی شانە نوستووەکانی تیرۆر لە ڕێگای بەرزکردنەوەی توانای هەواڵگری هەیە تا خەڵک هەست بە ئاسایش و سەقامگیری بکەن.
حەکیم وتی: بەرەنگاربوونەوەی داعش پێویستی بە یەکڕیزی و هەڵوێستێکی یەکگرتوو هەیە، هەر کات کێشەیەکی سیاسی و ئاڵۆزییەکی کۆمەڵایەتی ڕوو دەدات، تیرۆریزم لەم دەرفەتە لە پێناو ئامانجەکانی خۆی کەڵک وەردەگرێت./.