شرۆڤەکارێکی سیاسی عێراقی ڕایگەیاندووە کە سەبارەت بە زیندووکردنەوەی پلانەکەی جۆبایدن بۆ دابەشکردنی ئەم وڵاتە هەندێک نیگەرانی هەیە.
بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فراس عامری شرۆڤەکاری سیاسی عێراقی بە ئاماژە بە نیگەرانییەکان سەبارەت بە ئەگەری زیندووکردنەوەی پلانەکەی بایدن بۆ دابەشکردنی ئەم وڵاتە، وتی کە ئەم پلانە زیانێکی زۆر بە عێراق و ناوچەکە دەگەێنێت.
ناوبراو وتی کە بوونی ئەمریکا لە عێراق تەنیا لە ڕووی دیپلۆماسییەوە نییە و لە شاری بەغدا وەک پایتەختی عێراق گەورەترین بنکەی سەربازیی هەیە.
عامری وتی: سیاسەتی دوناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری پێشووی ئەمریکا زیانێکی زۆری بە عێراق گەیاند کە دەتوانین ئاماژە بە جێبەجێنەکردنی ڕێکەوتنی بەغدا و پەکین بدەین کە عێراقییەکان بۆ بوژانەوەی کەرتی ئابوری خۆیان هیوایەکی زۆریان بەو ڕێکەوتنە هەبوو.
ئەو شرۆڤەکارە عێراقییە لە دریژەدا وتی کە ئێستاش بە دەستبەکاربوونی جۆبایدن وەک سەرۆک کۆماری نوێی ئەمریکا لەوە نیگەرانین کە ناوبراو پلانەکەی بۆ دابەشکردنی عێراق بە سەر سێ هەرێمی شێعە، کورد و سوننە زیندوو بکاتەوە.
جۆبایدن سەرۆک کۆماری نوێی ئەمریکا خاوەنی بیرۆکەی دابەشکردنی عێراقە و زیاترین زانیاریی سەبارەت بە دۆسیەی ئەم وڵاتە هەیە. ناوبراو تا ئێستا 27 جار سەردانی عێراقی کردووە و پەیوەندییەکی زۆر نزیکیشی لە گەڵ ژمارەیەک لە سیاسەتمەدارە عێراقییەکان هەیە./.