بامێ یەک لەو خواردنانەیە کە ڕێگرە لە توشبوون بە چەند نەخۆشی و لە هەمان کاتدا چارەسەرە بۆ چەند نەخۆشییەکی دیکە.
بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، توێژینەوە پزیشکییەکان ئاماژەیان بەوە داوە کە خواردنی بامێ چارەسەرێکی زۆر باشە بۆ چەند نەخۆشییەکی مەترسیدار و درێژخایەن، وەک شێرپەنجە، نەخۆشییەکانی دڵ، شەکرە، نەخۆشییەکانی گورچیلە و ئێسک و جومگەکان.
بامێ ڕێژەیەکی زۆر لە ڤیتامینەکانی C, A, B6,K1 ی تێدایە کە کاریگەری زۆر باشیان هەیە لە سەر کۆئەندامی بەرگری جەستە.
بامێ هەروەها ڕێژەیەکی زۆر دژە ئۆکسێدی تێدایە و سەرەکیترینی ئەوانەش ناوی پۆلی فینۆڵە کە کاریگەری هەیە لە سەر تەندرووستی دڵ و جەڵتەش کەم دەکاتەوە، هەروەها ئەم دژە ئۆکسیدە توانای چوونە ناو خانەکانی مێشکی هەیە و پارێزگاری مێشک دەکات لە هەوکردن، هەروەها مرۆڤ لە نەخۆشییەکانی پیری و بیرچوونەوە و ئەلزهایمەر دەپارێزێت و ڕێژەی کۆلیسترۆڵ دادەبەزێنێت.
بامێ دەوڵەمەندە بە پرۆتین و ڤیتامین ئەی و چەوری کە چەندین سوودی دیکەیان بۆ تەندرووستی هەیە./.