کاندیدی جۆبایدن بۆ وەزارەتی بەرگری ئەمریکا متمانەی ئەنجومەنی پیرانی ئەو وڵاتەی وەرگرت.
بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لۆید ئۆستن متمانەی زۆرینەی ئەندامانی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکای بۆ وەزارەتی بەرگری ئەو وڵاتە بە دەست هێنا.
ناوبراو دەبێتە یەکەم ئەمریکی – ئەفریقی کە وەک وەزیری بەرگری ئەمریکا دەستنیشان کراوە.
ئۆستن ساڵی 2016 لە سوپای ئەمریکا خانەنشین کرا و بە پێی ئەوەی کە ماوەی 7 ساڵەکەی لە پاش خانەنشینی تێپەڕ نەکردبوو، سەرەتا پێویستی بە متمانەی کۆنگرێسی ئەمریکا هەبوو و لە دەنگدانی کۆنگرێس بە 326 دەنگی ئەرێنی لە بەرامبەر 78 دەنگی نەرێنی ئەو بەربەستەی بۆ گەیشتن بە وەزارەتی بەرگری تێپەڕاند.
بە پێی یاساکانی ئەمریکا ئەوانەی کاندیدی وەزارەتی بەرگرین، دەبێت 7 ساڵ بە سەر وازهێنانیان لە سوپادا تێپەڕ بێت./.