شارەزایەکی کاروباری عێراق گرنگترین ڕێکاری ڕێگری لە دوبارەبوونەوەی تەقینەوەکانی بەغدا بە پێدانی نەخشەی بەرەنگاربوونەوەی داعش بە هێزەکانی حەشدی شەعبی دەزانێت و ڕایگەیاندووە کە ئەم هێزانە بە تەواوی لە گەڵ تەکتیک و شێوازە تیرۆریستییەکانی داعش ئاشنایەتییان هەیە.
بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید هادی ئۆفۆقهی لە وتووێژێکدا بە ئاماژە بە تەقینەوەکانی 21 ی کانوونی دووەم لە شاری بەغدا کە زیاتر لە 100 کوژراو و برینداری لێکەوتەوە، وتی: تەقینەوەکان وەبیرهێنەری پیلانەکانی ئەمریکا، ڕژێمی زایۆنیستی و ژمارەیەک لە وڵاتانی عەرەبی ناوچەی کەنداوی فارس بە تایبەت سعوودیەن. ئەم وڵاتە زیاترین تیرۆریستی بەندکراوی لە گرتووخانەکانی عێراقدا هەیە، ئەڵبەت لە نەتەوەکانی دیکەش لە گرتووخانەکانی عێراقدا بوونیان هەیە.
ناوبراو بە ئاماژە بە چالاکی ئەم دواییەی گرووپە تیرۆریستییەکان لە ناسریەی عێراق وتی: ئامانجی تیرۆریستان ئەوە بووە کە دۆخی ئەمنی شاری ناسریە تێک بدەن و ئامادەکاری بۆ هێرشی سەر گرتووخانەی حوت بکەن تا بەمەش زیاتر لە 4 هەزار بەندکراوی سعوودیە و نەتەوەکانی دیکە لەو گرتووخانەیە ئازاد بکرێن.
ئۆفۆقهی وتی کە چەند خوێندنەوەیەک لە سەر تەقینەوە تیرۆریستییەکانی شاری بەغدا هەیە. هیلاری کلینتۆن وەزیری دەرەوەی پێشووتری ئەمریکا بە ڕاشکاوانە ڕایگەیاندووە کە گرووپە تیرۆریستییەکانی وەک قاعیدە، داعش و بەرەی نوسرە لە ناوچەکە دەستکردی ئەو وڵاتەن. ئەم گرووپانە بە ئامانجی گۆڕینی هاوکێشەکان لە بەرژەوەندی ئەمریکا و دابینکردنی ئاسایشی ڕژێمی زایۆنیستی پێکهاتوون. لەم هەلومەرجەدا دەتوانین بڵێین کە سەرکردەکانی داعش هیوایان بە گەڕانەوەی سیاسەتی ئۆباما لە لایەن جۆبایدنەوە هەیە. داعش دەیەوێت ئەوە بە ئیدارەی نوێی ئەمریکا پیشان بدات کە بوونی هەیە و حکومەتی واشنتن دەتوانێت بۆ گۆڕینی هەر هاوکێشەیەک لە عێراق و ناوچەکە حسێبێکی تایبەت لە سەر ئەم گرووپە بکات.
ئەم شارەزا سیاسییە دووەم خوێندنەوەی بۆ دۆخی سعوودیە گەڕاندەوە و وتی: بە پێی پەیوەندییەکانی حکومەتی نوێی ئەمریکا و جێنشینی سعوودیە، ڕۆژانێکی دژوار چاوەڕوانی ڕیاز دەکات و ئەگەری ئەوەش لە ئارادایە کە سعوودییەکان بیانەوێت لە ڕێگای عێراقەوە خۆیان بە ئەمریکا پیشان بدەنەوە و بەوان بڵێن کە دەتوانین دۆخی عێراق بە ئاراستەیەکدا ببەین کە کاریگەری لە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دابنێت.
سەید هادی ئۆفۆقهی سێهەم خوێندنەوەی سەبارەت بە تەقینەوەکانی بەغدا بە ژووری عەمەلیاتی هاوبەشی ئەمریکا، ڕژێمی زایۆنیستی و ژمارەیەک لە وڵاتانی ناوچەی کەنداوی فارس ناو برد و وتی: ئەوان لە ڕێگای ئەم کردەوە تیرۆریستییەوە دەیانەوێت دۆخی ناوخۆیی عێراق بە ئاڵۆز پیشان بدەن و هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەم وڵاتە لە بەرژەوەندی لایەنگران و لایەنە سیاسییەکانی نزیک لە ئەمریکا بەرەو گۆرانکاری ببەن.
ناوبراو لە وەڵامی ئەم پرسیارە کە ئایا تەقینەوەکانی بەغدا پیشاندەری کەلێنی ئەمنییە لە عێراق؟ وتی: بابەتەکە گەورەترە لە بوونی کەلێنی ئەمنی لە عێراق. کاتێک حکومەتێکی تیرۆریستی بە ناوی ئەمریکا وڵاتێک داگیر دەکات و گەورەترین بنکە سەربازییەکانی لەم وڵاتەدا کردووەتەوە و باڵیۆزخانەکانی ئەمریکا، بەریتانیا و سعوودیە وەک سێگۆشەی پیلانگێڕی لە سەرجەم جومگەکانی دەسەڵات و ئاسایشی عێراقدا دەستێوەردانیان هەیە، باس کردن لە کەلێنی ئەمنی لەم وڵاتە بە تەنیا بچووککردنی ڕۆڵی ئەمریکایە لە کردەوە تیرۆریستییەکان.
شارەزای کاروباری عێراق هەروەها لە وەڵامی ئەم پرسیارەش کە لەم هەلومەرجەدا ئامانجی ئەمریکا، ڕژێمی زایۆنیستی و سعوودیە لە چالاککردنەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان چییە؟ وتی: ڕژێمی زایۆنیستی لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوو لە سنورەکانی عێراق نزیک بووەتەوە، زایۆنیستەکان لە ئیمارات و بەحرەین بوونیان هەیە و بە نهێنی هاوکاری ئەمنی زۆریان لە گەڵ سعوودیە هەیە. دەزانین کە داعش لە دەستی ئەمریکادایە، حکومەتی ئێستای عێراقیش هەماهەنگی سیاسەتەکانی ئەمریکایە و سعوودییەکانیش بۆ خزمەت گەیاندن بە ئەمریکییەکان ڕەنگە هاوکاری و هەماهەنگی بکەن و لە ڕووی لۆجستییەوە ئامادەکاری بکەن و پارەی خۆیان لە عێراق بەکار دێنن، هەر بۆیە پێویستە کە لەم بوارەدا بەغدا بە وردی مامەڵە بکات.
ئۆفۆقهی سەبارەت بە چۆنیەتی ڕێگری لە دوبارەبوونەوەی تەقینەوە تیرۆریستییەکانی بەغدا وتی: یەکێک لە گرنگترین ڕێکارەکان ئەوەیە کە نەخشەی ڕوبەڕوبونەوەی داعش بە هێزەکانی حەشدی شەعبی بدرێت، لە بەر ئەوەی کە ئەم هێزانە بە تەواوی لە گەڵ تەکتیک و شێوازە تیرۆریستییەکانی داعش ئاشنایەتییان هەیە، هەر بۆیە ئەگەر ئەو ڕۆڵە بە حەشد بدرێت دەتوانێت کۆتایی بە کردەوە تیرۆریستییەکانی عێراق بێنێت.