سەرۆکی بانکی ناوەندی ئێران ڕایگەیاندووە کە تەنانەت لە ئەگەری بەردەوامی سزا و گەمارۆکانی ئەمریکاش، دۆخی ئابوری ئەم وڵاتە بۆ ناسەقامگیری پێشوو ناگەڕێتەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەبدولناسر همەتی لە میانەی نووسینێکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بووەتەوە، ڕایگەیاندووە کە بە پێی سیاسەت و پلانە جێبەجێکراوەکان بە تایبەت لە بواری سیاسەتی دارایی و دابینکردنی سەرچاوە داراییەکان بۆ کورتهێنانی بودجە، هەلومەرجی ئێستای ئێران هیچ کات بۆ ناسەقامگیری پێشوو ناگەڕێتەوە و سەرجەم ئاماژەکانیش ئەمە پیشان دەدەن.
ناوبراو لە درێژەدا ڕایگەیاندووە کە بانکی ناوەندی و بە گشتی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە گەمارۆکان وەک دەرفەتێک بۆ چاکسازی لە هەندێک سیاسەت و یاسا کەڵکی وەرگرت و ئەم پرۆسەیەش بەردەوام دەبێت. ئەزموونی گرنگی پووچەڵکردنەوەی گەمارۆکان، لە بانکی ناوەندی و وەزارەتی نەوت، هەروەها لە نێو چالاکوانانی ئابوری کەرتی تایبەت، بەستێن و هەلومەرجێکی جیاوازی بۆ بازرگانی دەرەکی و گەشەی وەبەرهێنانی نیشتمانی، تەنانەت بە بەردەوامبوونی گەمارۆکانیش دابین کردووە.
سەرۆکی بانکی ناوەندی ئێران لە کۆتایی نووسینەکەیدا ڕایگەیاندووە کە هەناردەی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان و تەنانەت هەناردەی نانەوتی لە چەند مانگی ڕابردوو ئەم ڕاستییە پشتڕاست دەکاتەوە، گومانیش لەوەدا نییە کە گەمارۆکانی ئەمریکاش ناتوانێت ئەو کاریگەرییەی جارانی هەبێت.