سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە بەڵگەیەکدا کە بڵاو بووەتەوە، فەرمانی بەوە داوە کە کاریگەری سزا تاکلایانە و چەند لایەنەکانی ئەو وڵاتەی لە سەر بەرەنگاربوونەوەی وڵاتان لە دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ ڕوون بکرێتەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەو بەڵگەی کە کۆشکی سپی بڵاوی کردووەتەوە، ناونیشانەکەی “سەرکردایەتی جیهانی ئەمریکا بۆ پتەوکردنی خەباتی نێودەوڵەتی لە دژی کۆرۆنا و پتەوکردنی ئامادەیی ژیان و خۆپارێزی جیهانییە”.
یەکێک لە بەشەکانی ئەو بەڵگەیە پەیوەندی بە کەمکردنەوەی سزاکان سەبارەت بە پەتای کۆرۆناوە هەیە.
بایدن فەرمانی داوە کە وەزارەتەکانی دەرەوە، گەنجینە، بازرگانی و دامەزراوەکانی سەر بە وەزارەتی تەندرووستی و هەروەها ئاژانسی ئەمریکا بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی ناسراو بە USAID تاوتوێی ئەوە بکەن کە سزا و گەمارۆ تاکلایانە و چەند لایەنەکانی ئەو وڵاتە تا چەندە کاریگەریی لە سەر بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا هەبووە.
سەرۆک کۆماری نوێی ئەمریکا داوای لە ڕاوێژکارەکانی کردووە کە ئەوەی بۆ ڕوون بکەنەوە کە ئایا پێویست بە گۆڕینی سیاسەت و تێڕوانینەکان لەم بوارەدا هەیە یان نە./.