وەزیری نەوتی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند کە هەناردەی نەوتی ئەم وڵاتە لە ڕۆژانی ڕابردوو زیادی کردووە.
بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بیژەن نامدار زەنگەنە سەبارەت بە گەڕانەوەی ئێران بۆ بازاڕی جیهانی نەوت وتی: من نیگەرانی بازاڕی لە دەستچوو نیم و کڕیارانی نەوتیش خۆیان بە یەک یان دوو هەناردەکارەوە سنوردار ناکەن.
ناوبراو وتی: ئەگەر گۆڕانکاری لە گەمارۆکاندا بکرێت بەهێزتر لە ڕابردوو دەگەڕێینەوە بازاڕی نەوت، تەنانەت خێراتر لەوەش بیری لێبکرێتەوە.
زەنگەنە وتی: بەشداری کۆمەڵە کۆمپانیایەکی بیانی لە پێشانگای نەوت و گازی تاران بە پیشاندەری شکستی گەمارکان دادەنرێت، لە بەر ئەوەی کە ئەگەر گەمارۆکان کاریگەری دەبوو، ئەم پێشانگایە وا بەڕێوە نەدەچوو.
وەزیری نەوتی ئێران سەبارەت بە هەناردەی نەوت و هەڵگرتنی گەمارۆکانیش وتی: من پێشوەختە ناتوانم شتێک بڵێم بەڵام بەرپرسانی سیاسی ئێمە پەیامەکەیان بە ڕوونی داوە.