ژمارەیەک لە شارەزایان و شرۆڤەکارانی سیاسی و ئەمنی عێراقی هۆکار و ئامانج و سیناریۆکانی پشت تەقینەوەکانی شاری بەغدایان لە ڕوانگەی خۆیانەوە لێکداوەتەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، گۆڕەپانی تەیران لە ناوەڕاستی شاری بەغدا ڕۆژی پێنج شەممە 21 ی کانوونی دووەمی 2021 دوو تەقینەوەی خۆکوژیی بە خۆوە بینی کە بە پێی ئاماری حکومەتی عێراق 32 کوژراو و 110 برینداری لێکەوتەوە.
تەقینەوەکانی بەغدا لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوە ئیدانە کران و گرووپی تیرۆریستی داعش بەرپرسیاریەتی خۆیی لەو کردەوە تیرۆریستییانە ڕاگەیاند.
لە پاش تەقینەوەکانی بەغدا ژمارەیەک لە شارەزایان و شرۆڤەکارانی عێراق لە ڕوانگەی خۆیانەوە ئامانج و سیناریۆکانیان ڕوونکردەوە.
ئەسیر شەرع شرۆڤەکاری سیاسی عێراقی تەقینەوەکانی بەغدای بە سەرەتای قۆناغێکی مەترسیدار بۆ داهاتوو و پیلانێکی دەرەکی بۆ مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا ناو بردووە.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە تەقینەوەکانی گۆڕەپانی تەیران سەرهەڵداوی شکستی سیاسی و پیلانی دەرەکییە لە دژی عێراق و حکومەت دەبێت بەرپرسیاریەتی تەواوی خۆی لە ئەستۆ بگرێت.
شەرع هەروەها ڕایگەیاندووە کە ئەو دوو تەقینەوەیە پیشاندەری قۆناغێکی مەترسیدارە بۆ داهاتوو بە تایبەت بۆ ناوچەکانی دیکەی بەغدا و لاوازبوونی هەوڵە ئەمنی و هەواڵگرییەکان لە دژی تیرۆریستان دەخاتەڕوو.
بە وتەی ناوبراو، لە پاش زیاتربوونی داواکارییەکان بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا، یەکێک لە سیناریۆکان ئەوەیە کە لە ڕێگای پیلانگێڕی دەرەکییەوە هەوڵ دەدرێت ئاسایشی عێراق ڕوبەڕوی کێشە بکرێتەوە تا بیانووی مانەوەی ئەو هێزانە دابین بکرێت.
مزەفەر حەمیداوی شارەزا لە کاروباری ئەمنی عێراقیش ڕایگەیاندووە کە لاوازبوونی داعش و هەوڵە بەردەوامەکانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق بۆ لەناوبردنی پاشماوەی ئەو گرووپە تیرۆریستییە وایکردووە کە داعش لە ڕێگای کردەوە تیرۆریستییەکانەوە لە ناو خەڵک خۆی وا پیشان بدات کە هێشتا بوونی هەیە.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە چەند ڕۆژ پێش تەقینەوەکانی گۆڕەپانی تەیرانی بەغدا، سەرکردەکانی داعش لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی فۆرات لە سوریا براونەتە بنکەی سەربازی تەنف لە نزیک سنورەکانی ئەو وڵاتە و عێراق و ئەمەش بە ئاشکرا پیشان دەدات کە ئەمریکییەکان سەرقاڵی چالاککردنەوەی شانە نوستووەکان و پاشماوەکانی ئەو گرووپە تیرۆریستییە لە دژی گەلی عێراقن.
شارەزایەکی دیکەی کاروباری ئەمنی عێراق پاڵپشتی دارایی ژمارەیەک لە وڵاتانی عەرەبی ناوچەی کەنداوی فارس بە هۆکاری تەقینەوەکانی بەغدا دەزانێت و ڕایگەیاندووە کە تێکدانی دۆخی ئەمنی عێراق بیانوویەکە بۆ مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا.
جومعە عەتوانی وتی کە هەمووان دەزانن مانەوەی تیرۆریستان بە هۆی پاڵپشتی دارایی سعوودیە و ئیماراتە.
وتیشی کە ئامانج لە خوێنڕشتنی عێراقییەکان، مانەوەی هێزەکانی ئەمریکایە.
عەباس عەرداوی شارەزای دیکەی کاروباری ئەمنی عێراقیش ڕایگەیاندووە کە سعوودیە دەستی لە تەقینەوەکانی شاری بەغدا هەبووە.
بە وتەی ناوبراو، لە ساڵانی پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس، سعوودیە بە ملیاران دۆلاری بۆ تێکدانی ڕەوشی ناوخۆیی عێراق بەکار هێناوە.
بە تێڕوانینێک لەم هەڵوێستانەی شارەزایانی ئەمنی و شرۆڤەکارانی سیاسی عێراقی بەوە دەگەین کە ئەوان پیلانی دەرەکی بە تایبەت پاڵپشتی دارایی ژمارەیەک لە وڵاتانی عەرەبی ناوچەی کەنداوی فارس بە هۆکاری ئەم کردەوە تیرۆریستییانە دەزانن و لە سەر ئەمەش هاوڕان کە ئامانج لە تەقینەوەکانی بەغدا بیانووی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکایە لە عێراق./.