وەزیری گواستنەوە و نیشتەجێکردنی ئێران جەختی لە سەر پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕە ئابورییەکان لە گەڵ وڵاتانی بەرەی خۆڕاگری کردەوە و وتی: دانوستان بۆ ترانزێت لە خاکی عێراق و بەستنەوەی ئێران بە هێڵی ئاسنی ئەم وڵاتە گەیشتووەتە قۆناغێکی باش.
بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد ئیسلامی جەختی لە سەر گرنگی ئابوری وڵاتانی بەرەی خۆڕاگری کردەوە و وتی: یەکێک لە ئامانجەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکان و گرووپەکانی سەر بەو وڵاتە لە ساڵانی شەڕی ناوچەکە، بەدەر لە ئاڵۆزی و ناسەقامگیری، لەناوبردنی ژێرخانە ئابورییەکانی وڵاتان بە پێی ئەو پلانە داڕێژراوە بوو تا دەرفەتی هاوکاری و پەیوەندی ئابوری وڵاتانی ناوچەکە لە ناو ببەن، بە تایبەت ژێرخانی کەرتی گواستنەوە، هەروەها بۆ گواستنەوەی دەریاییش بە پێی توانای خۆیان کێشە دەخوڵقێنن.
ناوبراو سەبارەت بە پەسەندکردنی یاسای ترانزێت لە پەرلەمانی عێراق و چۆنیەتی کەڵک وەرگرتنی ئێران لەم دەفرایەتییە، وتی: بە پێی گۆڕانکارییەکانی عێراق بۆ جێبەجێکردنی ئەم پلانە تووشی کێشە بووین، دوایین دانوستانی ئێمە لە گەڵ شاندی عێراق لە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی لێژنەی هاوبەش بووە، لەو کۆبوونەوەدا بڕیار درا کە لە ماوەی دوو مانگی داهاتوو بچینە وردەکارییەکانی پرۆژەکەوە و بگەینە ڕێکەوتن کە لەم ڕێکەوتنەدا هەر دوو وڵات بتوانن کەڵک لە کەرتی گواستنەوەی هاوبەش وەربگرن.
ئیسلامی وتی: عێراقییەکان دەڵێن کە بازرگانی ئێران تاکلایانەیە و بەرژەوەندییەکی بۆ عێراق نییە. لە وەڵامدا ئێمە باسی ئەوەمان کرد کە هەوڵی هاوسەنگی لە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان دەدەین، خوێندنەوەی ئێمە ئەوەیە کە دەتوانین کێشەکە چارەسەر بکەین و پرسی ترانزێت بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
وەزیری گواستنەوە و نیشتەجێکردنی ئێران وتی: لە پاش ئەم هەموو ساڵە 35 کیلۆمەتر هێڵی ئاسنی شەلەمچە بە بەسرە نەبەسراوەتەوە بەڵام هاوکارییەکانی سێ وڵاتی ئێران، عێراق و سوریا لە کەرتی گواستنەوەدا بونیاد نراوە و دانوستانیش لە ئاستی وەزیران و جێگری وەزیران بەڕێوەچووە.
وتیشی: لە دوایین سەردانی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ بەغدا هەنگاوی گەورە هەڵگیراوە، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو سەرۆک کۆماری ئێران لانیکەم 15 جار ئەم پرسەی لە گەڵ سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانی عێراق باس کردووە و لە دوایین چاوپێکەوتنی مستەفا کازمی عێراق نێردەیەکی تایبەتی لە سەر ئەم پرسە دەستنیشان کرد و لە بەردەوامی ئەمەشدا محەممەد جەواد زەریف دانوستانی کۆتایی لە سەر کرد.
محەممەد ئیسلامی وتی: چەندین گەڕی دانوستان لە نێوان هەر دوو وڵات بەڕێوەچووە و لەم ماوەیەشدا شاندێکی عێراقی ناوچەی شەلەمچەی بەسەرکردەوە و بڕیار درا کە هەندیک چاکسازی لە سنورەکاندا بکرێت، ئەمەش هەمان بەربەستی جێبەجێکردنی ئەو پرۆژە بوو و دەتوانم بڵێم چارەسەر کراوە و دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
وەزیری گواستنەوە و نیشتەجێکردنی ئێران لە وەڵامی پرسیارێک کە بۆ بەشداری کۆمپانیا ئێرانییەکان لە پرۆژە ئابورییەکانی عێراق و سوریا چی کراوە؟ وتی: دانوستانی زۆر سەبارەت بەم پرسەش کراوە بەڵام کێشەی سەرەکی بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکان، دابینکردنی سەرچاوە داراییەکان، زەمان و پەیوەندی بانکی نێوان ئەم وڵاتانەیە.
ئیسلامی وتی: بۆ ئەمەش دانوستان کراوە و هیوادارین کە بانکی ناوەندی خێراتر ڕێکەوتنەکانی لە گەڵ ئەو وڵاتانە بگەێنێتە خاڵی کۆتایی و هاوکاری بانکی و ئاڵوگۆڕی دراو لە نێوانماندا هەبێت، ژمارەیەک لە کۆمپانیاکانی ئێمە ڕێکەوتنیان واژۆ کردووە و بە چارەسەرکردنی کێشە بانکییەکان، دەخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە.
وتیشی کە دانوستانی بانکی کاتی زۆری دەوێت و هیوادارین جوڵەیەکی دیکە بەم دانوستانانە بدرێت.
ئیسلامی وتی: ئەمریکا واز لە پیلانگێری ناهێنێت و ئەوەی ناوێت کە پەیوەندییەکانی ئێمە لە پێناو مسۆگەربوونی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانمان بێت، ڕێگای پێشکەوتنی ئێمە ئەوەیە کە لە ڕووی جوگرافییەوە لە سەرجەم بوارەکاندا پەرە بە کەرتی ئابوری خۆمان بدەین.
ناوبراو وتی: دەفرایەتی ئابوری ئێران گەورەترە لە دەفرایەتی جوگرافی وڵات و پێویستە لەم پێناوەدا پەرە بە پەیوەندییە ئابورییەکانمان لە گەڵ وڵاتانی بەرەی خۆڕاگری بدەین./.