شارەزایەکی کاروباری نێودەوڵەتی بە ئاماژە بە دەستبەکاربوونی جۆبایدن وەک سەرۆک کۆماری نوێی ئەمریکا وتی: ئێران بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی لە گەڵ ئەمریکا چاوەڕوانی هەڵگرتنی گەمارۆکان دەکات.
بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد مەهدی مەلەکی لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی سەبارەت بە ئاسۆی بەردەم پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ڕۆژئاوا (ئەمریکا و ئەورووپا) لەم حکومەتەی نوێ بە سەرۆکایەتی جۆبایدن، وتی: بە پێی ئەوەی هەندێک پەیامی ناڕاستەوخۆ لە ئیدارەی بایدن سەبارەت بە گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ ڕێکەوتنی ناوەکی ئێران بینراوە، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایانگەیاندووە کە ئەگەر ئەو وڵاتە لە ڕاستیدا ویستی گەڕانەوەی بۆ ڕێکەوتنەکە هەیە، دەبێت سەرەتا گەمارۆکان وەک یەکەم مەرجی ئێمە هەڵبگرێت.
ناوبراو وتی: ئێران بە 12 ساڵ دانوستان لە سەر چالاکی ئاشتیخوازانەی ناوەکی لە گەڵ لایەنەکانی ڕۆژئاوا ئەوەی سەلماند کە گرنگی بە وتووێژ دەدات بەڵام هەلومەرجەکەی ئێستا بەراورد بە ڕابردوو گۆڕاوە.
مەلەکی بە ئاماژە بەوەی کە لە ڕێکەوتنی ناوەکیدا ئێران پابەندی بەڵێنەکانی خۆی بوو بەڵام لایەنی ئەورووپی 11 بەڵێنەکەی خۆیی بە تەواوی لەبیر کرد و ئەمریکاش تاکلایانە لەو ڕێکەوتنە کشایەوە، وتی: لەم هەلومەرجەدا وڵاتانی ڕۆژئاوا پاش ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا هەوڵی ئەوەیاندا ئاستی داواکارییەکانیان لە ڕێکەوتنی ناوەکی بۆ دۆسیەی مووشەکی و سیاسەتی ناوچەیی ئێران و مافی مرۆڤ بەرز بکەنەوە کە کاردانەوەی بەرپرسانی تارانی بە دواوە بووە.
ئەم شارەزا نێودەوڵەتییە وتی: ئەمریکا ئەگەر دانوستانی لە گەڵ ئێران دەوێت، پێویستە چەند خاڵ لە بەرچاو بگرێت، ئەوەی کە واشنتن بوو کە مێزی دانوستان و ڕێکەوتنی ناوەکیی بە جێهێشت و بۆ ئەمەش ناتوانێت مەرج بۆ گەڕانەوەی خۆی دیاری بکات و دووەم ئەوەی کە ئێران سەبارەت بە دۆسیەکانی دیکە هیچ کات لە گەڵ ئەوان دانوستان ناکات و هەر دانوستانێک بە تەنیا لە چوارچێوەی وڵاتانی 1+5 دەبێت.
ناوبراو لە کۆتاییدا وتی: ئەگەر ئەمریکا ڕاستگۆیانە ویستی گەڕانەوەی بۆ ڕێکەوتنی ناوەکی هەیە، باشتر وایە وانە لە ڕابردوو بگرێت و بزانێت گەل و حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران متمانەیان بەوان نییە و دەبێت قەرەبووی زیانەکانی سەر ئێران لە ماوەی کشانەوەیان لە ڕێکەوتنی ناوەکی بکەنەوە و هەلومەرجی هەناردەی نەوت و ئاڵوگۆڕە داراییەکان و پەیوەندی بانکی نێودەوڵەتی بۆ تاران دابین بکەن.