بە پێی دوایین ئاماری حکومەتی بەریتانیا، لە ساڵی ڕابردوو نزیکەی 9 ملیۆن کەس لە دانیشتووانی ئەو وڵاتە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی کۆرۆنا بە ناچار قەرزیان کردووە.
بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەو ئامارانەی کە لە لایەن حکومەتی بەریتانیاوە بڵاو کراوەتەوە، پیشان دەدات کە لە ساڵی 2020 نزیکەی 9 ملیۆن کەس لە دانیشتووانی ئەو وڵاتە بە ئامانجی تێپەڕاندنی قەیرانی کۆرۆنا قەرزیان کردووە.
دەستەی نیشتمانی ئاماری بەریتانیا لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە کە جیاوازی نێوان هەژاران و دەوڵەمەندەکان لەو وڵاتە زیاتر بووە.
ڕاپۆرتەکە ڕووی پرسیاری کردووەتە بۆریس جۆنسۆن سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا کە چۆن دەتوانێت پاڵپشتی لە چینی گەنج و کەم داهات بکات لە کاتێکدا ئەوان زیاترین کاریگەری داراییان لە قەیرانی کۆرۆنا بەرکەوتووە.
دامەزراوەی جنریشن ڕنت کە بەدواداچوون بۆ دۆسیەی خانوبەرە لە بەریتانیا دەکات، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە کە زیاتر لە نیو ملیۆن کرێچی لەو وڵاتە کرێ خانووی خۆیان دوا خستووە.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە بەردەوامی ئەم کێشەیە دەتوانێت 45 هەزار خێزانی بەریتانی کە توانای پێدانی کرێ خانووی خۆیان نییە، بێ خانوو بکات.
بەریتانیا یەک لەو وڵاتانە کە ژمارەیەکی زۆر لە توشبووانی کۆرۆنای تێدا تۆمار کراوە.