کەتائیبی حیزبووڵای عێراق لە کاردانەوەی بەرامبەر بە تەقینەوەکانی شاری بەغدا ڕایگەیاند کە تەقینەوەکان ئەنجامی پیلانی هاوبەشی ئەمریکا، ڕژێمی زایۆنیستی و سعوودیە بووە.
بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کەتائیبی حیزبووڵای عێراق ڕایگەیاند کە بەکرێگیراوەکانی ئەمریکی، زایۆنیستی و سعوودی جارێکی دیکە دەستیان داوەتە پیلان و خوێنڕشتنی ڕۆڵەکانی گەلی عێراق.
لە درێژەی ڕاگەێندراوێکی کەتائیبی حیزبووڵادا هاتووە: هاوکاتبوونی ئەم تاوانە لە گەڵ دەستبەکاربوونی حکومەتی نوێی ئەمریکا پیشان دەدات کە بەرەی پیلانگێڕ دیسانەوە لە پێناو جێبەجێکردنی نەخشەی خۆی لە دژی گەلی ئازیزی عێراق هەنگاو دەنێت، ئەو گەلەی کە جەخت لە سەر دەرکردنی هێزی دەرەکی لە خاکی خۆیان دەکەنەوە.
حیزبووڵا سەرجەم بەرژەوەندییەکانی ئەمریکای بە ئامانجێکی ڕەوا ناو بردووە و بە ئاماژە بەوەی کە هیچ جیاوازییەک لە نێوان دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتەدا نییە، ڕایگەیاندووە کە خەڵکی سەربەرزی عێراق لە بەرامبەر هەوڵی پیلانگێڕان و بە تایبەت ئەمریکییەکان لە ناوخۆ و دەرەوە، خۆڕاگری دەکەن و بە گیانفیدایی گەنجانی عێراقی ئەم وڵاتە ئازاد، سەربەخۆ و خاوەن سەروەری دەمێنێتەوە.
لەو ڕاگەێندراوەدا سەبارەت بە پیلانگێڕییەکان هۆشداری بە جێنشینی سعوودی دراوە و هاتووە: ئێمە جارێکی دیکە بڕیار و ئامانجەکانی بن سەلمان سەبارەت بە کردەوە تیرۆریستییەکان لە عێراق وەبیردێنینەوە، پێشتر هۆشداریمان بە ناوبراو دابوو، لە بەر ئەوەی کە ئاگرەکە دەگاتە پاشایەتی سعوودیە و دەسەڵاتی ئەوان دەگرێتەوە. سەرەڕای هۆشدارییەکان، ئەو نەک تەنیا وازی لەم تاوانانە نەهێناوە بەڵکوو دەستی زیاتر بە خوێنی خەڵکی بێ تاوان تێکەڵ کردووە، هەر بۆیە ئەو تێچووی ئەم بڕیارەی دەدات.