وەزارەتی دەرەوەی چین ڕایگەیاند کە چەند بەرپرسێکی حکومەتی پێشووی ئەمریکا بە تایبەت مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئیدارەی ترەمپ کەوتوونەتە ڕیزی سزاکانی پەکینەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، وەزارەتی دەرەوەی چین ڕۆژی چوارشەممە سزای بە سەر ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکومەتی پێشووی ئەمریکادا سەپاند،
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین لە بەیاننامەیەکدا کە لە ماڵپەڕی فەرمی ئەو وەزارەتەدا بڵاوبووەتەوە، ڕایگەیاند: لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو، هەندێک سیاسەتمەداری شەڕەنگێزی ئەمریکا بە هۆی ڕق و کین و لە پێناو بەرژوەندییەکانی خۆیان، بە بێ ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییەکانی خەڵکی چین و ئەمریکا هەندێک ڕێوشوێنی نایاساییان گرتەبەر کە دەکەوێتە چوارچێوەی دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی و لاوازکردنی بەرژەوەندییەکانی چین، زیان و ئێش و ئازاری خەڵک و کاریگەریشی لە سەر پەیوەندییەکانی پەکین و واشنتن داناوە.
وەزارەتی دەرەوەی چین بەم هۆیەوە ناوی 28 کەس دەخاتە ڕیزی سزاکانەوە.
ناوی دە کەس لەو بەرپرسانەی حکومەتی پێشووی ئەمریکا کە لە بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی چین ئاماژەیان پێدراوە، بریتین لە:
مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی حکومەتەکەی دوناڵد ترەمپ
پیتر ناوارۆ یاریدەدەری دوناڵد ترەمپ
ڕۆبرت ئۆبراین ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا لە سەردەمی دوناڵد ترەمپ
دەیڤید ستیلۆل یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەمریکا بۆ کاروباری ئاسیا و ئۆقیانوسیە
متیۆ پاتینگر جێگری پێشووی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا
کیس کراچ جێگری وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەمریکا
ئەلکس ئێم ئازار وەزیری پێشووی تەندرووستی ئەمریکا
کێلی کرافت باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان
جۆن بۆڵتۆن ڕاوێژکاری پێشووتری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا
ستیڤن کەی بانۆن ستراتژیستی باڵای ئەمریکا
وەزارەتی دەرەوەی چین جەختیکردووەتەوە کە لە هاتنی ئەو کەسانە و خێزانەکانیان بۆ چین، هۆنگ کۆنگ و نیمچەدورگەی ماکائۆ ڕێگری دەکرێت و کۆمپانیا و دامەزراوەکانی پەیوەندیدار بەوان بۆ کاروباری بازرگانی لە گەڵ چین ئاستەنگیان دەکەوێتە بەردەم.