تەلەفزیۆنی ئینلیزی زمانی چین ڕایگەیاندووە کە وەزارەتی تەندرووستی عێراق ڕەزامەندیی لە سەر بەکارهێنانی ڤاکسێنی کۆرۆنای کۆمپانیای سینۆفارمی ئەو وڵاتە دەربڕیوە.
بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کەناڵی تەلەفزیۆنی سی جی تی ئێن ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایگەیاند کە وەزارەتی تەندرووستی عێراق ڕەزامەندیی لە سەر ئەوە دەربڕیوە کە ڤاکسێنی کۆرۆنای بەرهەمهێنراوی کۆمپانیای سینۆفارمی چین بەکار بێنێت.
تا ئێستا لە عێراق 609 هەزار و 26 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و لەم ژمارەیەش 12 هەزار و 953 کەس گیانیان لە دەست داوە.
ڕۆژی ڕابردووش وەزارەتی تەندرووستی پاکستان ڕەزامەندیی لە سەر بەکارهێنانی ڤاکسێنی چین دەربڕی.
ژمارەیەک لە وڵاتانی جیهان نیازی خۆیان بۆ کڕینی ڤاکسێنی چینی پیشان داوە، میسر بەکارهێنانی ئەو ڤاکسێنەی پشتڕاست کردووەتەوە. کۆتایی ساڵی 2020 یەکەم گرووپی ڤاکسێنی چین گەیشتە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی.
تورکیاش لە کۆتا ڕۆژی ساڵی ڕابردوو سێ ملیۆن دۆزی ڤاکسێنی کۆرۆنای چینی هاوردە کرد. هەر لەو ڕۆژەدا ئۆکرانیا یەک ملیۆن و 910 هەزار دۆزی ڤاکسێنی کۆمپانیای Kexing هاوردە کرد.
وڵاتی میانماریش ڕایگەیاندووە کە لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەو ڤاکسێنە لە چین دەکڕێت. تایلەند کڕینی 2 ملیۆن دۆزی ڤاکسێنی Kexing ڕاگەیاند.
وەزارەتی تەندرووستی ئەندونیزیاش دابەشکردنی ئەم ڤاکسێنەی لە سەرتاسەری وڵات دەستپێکردووە.