سەرۆکی بانکی ناوەندی ئێران وتی کە هەر دوو وڵاتی عێراق و کۆریای باشور بە هۆی گوشارەکانی ئەمریکاوە ئیرادەی سیاسی پێویستیان بۆ دانەوەی پارە ڕاگیراوەکانی ئێران نییە.
بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەبدولناسر همەتی وتی: لە دوو ساڵی ڕابردوو دانوستانەکان لە گەڵ کۆریای باشور بۆ دانەوەی قەرزەکانی ئێران دەستپێکرد بەڵام ئەو ڕاستییە ئاشکرا بوو کە ئەو وڵاتە ئیرادەی سیاسیی بۆ دانەوەی ئەو پارەیە نییە.
ناوبراو بە ئاماژە بە ڕەتکردنەوەی پێشنیارەکەی شاندی دانوستانکاری کۆریای باشور لە لایەن ئێرانەوە، وتی: بە ڕاشکاوانە داوای 7 ملیار دۆلار پارەی ئێران و زیانەکانمان لەو وڵاتە کردووە.
سەرۆکی بانکی ناوەندی ئێران وتی: کۆریای باشور دەیەوێت پێدانی ئەو پارەیە لە ڕێگای بانکەکانی ئەمریکاوە بێت. پێشتر لە کۆریا کاڵامان هاوردە دەکرد کە ئێستا بە هۆی گەمارۆکانەوە ناتوانین و بە گشتی بازرگانی تاران و سئیول تەنیا هەناردەی نەوت و هاوردەی کاڵا بووە.
همەتی سەبارەت بە عێراقیش وتی کە ئەو وڵاتە ئیرادەی سیاسی پێویستی بۆ دانەوەی قەرزەکانی ئێران نییە و ئەمەش بۆ گوشارەکانی ئەمریکا دەگەڕێتەوە.