ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق وتی کە پێویستی بەوە دەکرد حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای مانگی یەکەوە بڕە نەوتی دیاریکراوی ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکردایە تا حکومەتی بەغداش هەستی بەوە بکردایە هەرێم بە جیدی هەوڵی ڕێکەوتن دەدات.
بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕێزان شێخ دلێر ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق وتی کە وەک حیزبێکی بەشدار لە حکومەتی هەرێمی کوردستان داوامان کردووە هەولێر لە گەڵ بەغدا بگاتە ڕێکەوتن و پابەندی ئەوەش بێت کە لە سەری ڕێکدەکەون.
ناوبراو وتی: حکومەتی هەرێم لە سەر ڕادەستکردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە لە ڕێگای کۆمپانیای سۆمۆوە گەیشتووەتە ڕێکەوتن و هەروەها ڕایگەیاندووە کە پابەندی ئەوەشە نیوەی داهاتە فیدراڵییەکان بگەڕێنێتەوە.
ئەندامەکەی پەرلەمانی عێراق هەروەها وتی کە بۆ چارەسەرکردنی ئەم دۆخە داراییەی کوردستان و کۆتایی هێنان بە کێشە و گرفتەکانی خەڵک، پێویستی بەوە دەکرد لە سەرەتای مانگی یەکەمەوە حکومەت ئەو بڕیارانەی جێبەجێ بکرادایە تا حکومەتی بەغداش هەستی بە جیدبوونی هەرێم بکردایە.
ڕێزان شێخ دلێر وتی کە پارتی دیمۆکراتی کوردستان هێشتا ڕەزامەندیی لە سەر ئەوە دەرنەبڕیوە کە نەوت و داهاتەکەی ڕادەستی حکومەتی بەغدا بکات.