وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند کە دوناڵد ترەمپ، مایک پۆمپیۆ و 8 بەرپرسی دیکەی حکومەتەکەی بە هۆی ڕۆڵ و دەستێوەردانیان لە کردەوە تیرۆریستییەکان و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە دژی گەلی ئێران کەوتوونەتە ڕیزی سزاکانەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەعید خەتیب زادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند کە دوناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ماوە تەواوبووی ئەمریکا و 9 بەرپرسی حکومەتەکەی بە هۆی ڕۆڵ و دەستێوەردانیان لە کردەوە تیرۆریستییەکان و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە دژی ئێرانییەکان کەوتوونەتە ڕیزی سزا و گەمارۆکانەوە.
ناوبراو وتی کە سزاکان بە پێی یاسای پەرلەمانی ئێران بۆ بەرەنگاربوونەوەی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و کردەوە تیرۆریستییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەیە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی: بەرپرسانی باڵای حکومەتی ئێستای ئەمریکا کە کەوتوونەتە ڕیزی سزاکانەوە بریتین لە: دوناڵد ترەمپ سەرۆک کۆمار، مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوە، مارک ئەسپەر وەزیری پێشووی بەرگری، کریستۆفەر میلەر وەزیری بەرگری بە وەکالەت، ستیڤن منوشین وەزیری گەنجینە، جینا هاسپڵ سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمریکا ناسراو بە سی ئای ئەی، جۆن بۆڵتۆن ڕاوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانی، برایان هۆک بەرپرسی پێشووی دۆسیەی ئێران لە وەزارەتی دەرەوە، ئلیوت ئابرامز بەرپرسی ئێستای دۆسیەی ئێران لە وەزارەتی دەرەوە و ئەندریا گاکی بەرپرسی فەرمانگەی کۆنتڕۆڵکردنی داراییە دەرەکییەکانی ئەمریکا.