وەزیری دەرەوەی دەستنیشانکراوی ئیدارەی جۆبایدن، سیاسەتی نوێی ئەمریکای لە بەرامبەر ڕێکەوتنی ناوەکی ئێران ئاشکرا کرد.
بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەنتۆنی بلینکەن بە ئامادەبوونی لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا، سیاسەتی نوێی ئەم وڵاتەی سەبارەت بە ڕێکەوتنی ناوەکی ئێران خستەڕوو.
ناوبراو وتی: جۆبایدن پابەندی ئەوەیە کە ئێران نابێت ببێتە خاوەنی چەکی ناوەکی و ئێمە بەرپرسیاریەتی بەپەلەمان کەوتووەتە ئەستۆ تا بۆ ڕێگری لە ئەگەری هەر هەنگاوێکی ئێران جێبەجێی بکەین.
بلینکەن وتی: بە بۆچوونی من، ڕێکەوتنی ناوەکی سەرەڕای کەموکوڕییەکانی، سەرکەوتووانە جێبەجێ دەکرا و چاودێری چالاکییەکانی ئێرانی بە باشترین شێواز دەکرد.
وتیشی کە ئێمە دەتوانین لە گەڵ هاوبەشەکانمان لە چوارچێوەی ڕێکەوتنی ناوەکی لە سەر چەند دۆسیەیەکی دیکەی وەک مووشەکی و سیاسەتەکانی ئێران لە ناوچەکە وتووێژ بکەین.
وەزیری دەرەوەی ئیدارەی بایدن وتی کە ئەگەر ئێران بۆ ڕێکەوتنی ناوەکی بگەڕێتەوە، ئێمەش دەگەڕێینەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام جەختی لەوە کردووەتەوە کە چەکی ناوەکیی ناوێت و ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە فەتوایەکدا ئەو چەکەیان حەرام کردووە. هاوکات بەرپرسانی حکومەتیش جەختیان لەوە کردووەتەوە کە هەر گەڕانەوەیەک بۆ ڕێکەوتنی ناوەکی تەنیا بە هەڵگرتنی گەمارۆکان دەبێت.