شاندێکی باڵای سەربازی تورکیا کە لە وەزیری بەرگری و سەرۆک ئەرکانی سوپای ئەو وڵاتە پێکهاتووە، گەیشتە بەغدای پایتەختی عێراق و بڕیارە لە سەر چەند دۆسیەیەکی گرنگ لە گەڵ بەرپرسانی باڵای ئەم وڵاتە وتووێژ بکەن.
بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، خلوسی ئاکار وەزیری بەرگری و یەشار گولەر سەرۆک ئەرکانی سوپای تورکیا گەیشتنە شاری بەغدا و بڕیارە لە گەڵ هەر یەک لە سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆببنەوە.
سەردانی شاندە سەربازییەکەی تورکیا بۆ بەغدا دوو ڕۆژە دەبێت و بڕیاریشە سەردانی هەرێمی کوردستان بکات و لە گەڵ سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش کۆببنەوە.
دۆسیەی پەکەکە و بوونی هێزە سەربازییەکانی تورکیا لە خاکی عێراق لە ڕیزی گرنگترینی ئەو دۆسیانە دەبن کە پێشبینی دەکرێت لە بەغدا و هەولێر شاندەکەی ئەو وڵاتە لە گەڵ بەرپرسانی ئەم وڵاتە وتووێژی لە سەر بکات.