تاقی کەسرا لە ناوچەی مەدائین سەر بە پارێزگای بەغدایە و خەڵکی خۆجێی ئەم ناوچەیە بە سەلمان پاک ناوی دەبەن.
بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، تاقی کەسرا تەنیا بەشی بەجێماوی کۆشکی نۆشیروانە لە تیسفون، وەک شوێنی تاج و تەختی ساسانییەکان و دەوترێت کە لە نێوان ساڵانی 531 تا 579 ی زائینی بونیاد نراوە و لە سەرچاوە عەرەبییەکانیش وەک کۆشکی سپی ناو براوە.
بەشێکی گەورەی ئەم بینا مێژووییە لە نیوەی مانگی نیسانی ساڵی 1888 لە ئاکامی لافاوێکی ڕوباری دیجلە زیانی بەرکەوت و دەوترێت کە یەک لە سەر سێی ئەو بینایە بە تەواوی ڕووخاوە. ئەوەش کە ماوەتەوە دیوارێکی خشتی و بەرزە بە ئاسەواری بینایەکی 4 نهۆمی و پڕ نەخش و دیمەن و ئەستوونە بەرزەکانی بە پانتایی 62 مەتر، قوڵایی 43 مەتر و بەرزایی 35 مەتر.
ئەم بینایە کەوتووەتە ناوچەی مەدائین سەر بە پارێزگای بەغدا کە خەڵکی خۆجێی پێی دەڵێن سەلمان پاک.
لە ساڵی 2003، پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس کە کەڵکی ئایدۆلۆژیی لەم بینایە وەردەگرت، حکومەتی عێراق بۆ پاراستنی بیناکە داوای هاوکاریی لە ئێران و وڵاتانی دیکە کرد.
ساڵی 2004 سندۆقی میراتی نێودەوڵەتی سەبارەت بە ئەگەری ڕووخانی ئەم بینایە و گرنگینەدان بە نۆژەنکردنەوەی هۆشداریی دا.
لە ساڵی 2013 حکومەتی عێراق لە گەڵ کۆمپانیایەک لە کۆماری چیک گرێبەستی نۆژەنکردنەوەی تاقی کەسرای واژۆ کرد. ئەو کۆمپانیایە بەڵێنی تەواوکردنی کارەکەی لە ماوەی 10 مانگدا بەڵام بە هۆی هێرشەکانی گرووپی تیرۆریستی داعشەوە ڕاگیرا.
لە سەر کاریگەری ئیش و کاری ئەو کۆمپانیایەش قسە و باسی زۆر هەیە و دەوترێت کە لەوەدا سەرکەوتوو نەبووە ڕێگری لە ڕووخان و لەناوچوونی بیناکە بکات.
لە ساڵی 2019 عەبدولئەمیر حەمدانی وەزیری ڕۆشنبیری و گەشتیاری لە حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی داوای لە زانکۆی بەغدا کرد کە لە سەر بەردەوامی ڕووخانی بینای تاقی کەسرا توێژینەوە و ڕاپۆرتێک پێشکەش بەو وەزارەتە بکات.
حەمدانی لە کاتی بەسەرکردنەوەی بیناکە وتی کە کۆمپانیاکەی وڵاتی چیک ئەرکەکەی خۆیی بە جێ نەهێناوە و لە ڕووی پسپۆڕییەوە هەڵەی کردووە و وەزارەتی ڕۆشنبیری عێراق تەواوبوونی پرۆژەکەی لێ وەرنەگرتووە. هەوڵەکانی ئەو وەزارەتەش بە هۆی دۆخی ئەو کاتەی عێراق و ڕووخانی دەسەڵاتەکەی عەبدولمەهدی بە ناتەواوی مایەوە.
لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2020 ڕۆژنامەی سەباح ڕایگەیاند کە لێژنەی ڕۆشنبیری پەرلەمانی عێراق لە کۆبوونەوەی لە گەڵ حەسەن نازم وەزیری ڕۆشنبیری و گەشتیاری، پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی ئاسەواری مێژوویی تاقی کەسرای لە ناوچەی مەدائین تاوتوێ کردووە.
چەند ڕۆژ پاش ئەوەش، کۆبوونەوەیەک لە وەزارەتی ڕۆشنبیری بە ئامادەبوونی شارەزایان و پسپۆڕانی نێودەوڵەتی و زانکۆیی چۆنیەتی ڕزگارکردنی بیناکەیان لە ڕووخان و لەناوچوون تاوتوێ کرد.
لە لایەکی دیکەوە، حەسەن نازم وەزیری ڕۆشنبیری عێراق لە تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو لە چاوپێکەوتنی لە گەڵ ڕاوێژکاری ڕۆشنبیری باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەغدا داوای پەرەپێدانی هاوکارییەکانی نێوان هەر دوو وڵاتی کرد.
ناوبراو هاوکارییەکانی ئێرانی بۆ پاراستنی تاقی کەسرا بە گرنگ ناو برد و ڕایگەیاند کە تیمێک لە شارەزایانی نێودەوڵەتی بۆ تاوتوێکردنی دۆخی ئەم بینا مێژووییە سەردانی عێراقیان کردووە.
لەم ماوەیەدا میدیا عێراقییەکان هەواڵی ڕووخانی بەشێکی دیکەی تاقی کەسرایان ڕاگەیاند.
عەلی ئەسغەر مونسان وەزیری میراتی کەلتوری و گەشتیاری ئێران بە ئاژانسی فەرمی وڵاتەکەیی ڕاگەیاند کە بە هۆی گرنگی مێژوویی تاقی کەسرا بودجەی پێویست بۆ نۆژەنکردنەوەی ئەم ئاسەوارە گرنگە تەرخان دەکرێت.
ناوبراو وتی کە بە فەرمی داوای بودجەیەکی 600 هەزار دۆلاری لە ڕێکخراوی پلاندانانی ئێران کراوە.
مونسان ڕایگەیاندووە کە پاش دابینکردنی ئەو بودجەیە، شارەزایانی ئێرانی بە مەبەستی دەستپێکردنی پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی تاقی کەسرا ڕەوانەی عێراق دەکرێن.