سعوودیە دەستپێکردنەوەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی لە گەڵ قەتەر ڕاگەیاند. ئەمەش پاش ئاشتەوایی نێوان وڵاتانی ئەندام لە ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارس بووە.
بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بەندەری مەلیک عەبدولعەزیز لە سعوودیە ڕایگەیاند کە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان لە گەڵ بەندەری حەمەد لە قەتەر بە فەرمی دەستیپێکردووە.
لە هەژماری تایبەتی بەندەری مەلیک عەبدولعزیزی سعوودیە لە توێتەردا هاتووە کە ڕێژەیەکی زۆر کاڵا لە بەندەری حەمەدی قەتەر هاوردەی ئەم وڵاتە کراوە.
ئەم هەنگاوەش پاش لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی سعوودیە بووە کە ڕایگەیاندبوو لە زووترین کاتدا باڵیۆزخانەکەی ئەم وڵاتە لە قەتەر دەکرێتەوە.
سعوودیە، ئیمارات، بەحرەین و میسر مانگی حوزەیرانی ساڵی 2017 بە بیانووی پاڵپشتی لە تیرۆر، پەیوەندییەکانیان لە گەڵ قەتەر ڕاگر و سەرجەم سنورەکانی خۆیان بە ڕووی ئەم وڵاتەدا داخست. لە ئاکامدا و لە کۆبوونەوەی لوتکەی وڵاتانی ئەندام لە ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارس لە 5 ی کانوونی دووەمی 2021 کۆتایی بە گەمارۆدانی قەتەر هێنرا بە بێ ئەوەی کە هیچ یەک لە 13 مەرجەکەی ئەو چوار وڵاتە لە لایەن دەوحەوە جێبەجێ کرا بێت.