ئاژانسی بلۆمبێرگ لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە کە جۆبایدن وەک سەرۆک کۆماری ئەمریکا کێشە و گرفتی زۆری بۆ چارەسەرکردن هەیە، بەڵام پرسی پەیوەندییەکان لە گەڵ ئێران بە تایبەت هەڵگرتنی گەمارۆ نەوتییەکان ڕەنگە کاتێکی زیاتری بوێت.
بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئاژانسی بلۆمبێرگ لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە کە ئاستەنگی جیدی لە بەردەم هەڵگرتنی گەمارۆ نەوتییەکانی ئێران لە لایەن سەرۆک کۆماری نوێی ئەمریکاوە دەبینرێت.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە: لەم هەفتەیەدا جۆبایدن دەبێتە چل و شەشەمین سەرۆک کۆماری ئەمریکا و کێشە و گرفتی زۆریشی بۆ چارەسەرکردن لە بەردەمدایە و ڕەنگە کە کێشەی ئێران بە ئاسانی و خێرایی چارەسەر نەکرێت.
سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی ئەمریکا ئەوەی نەشاردووەتەوە کە بۆ ڕێکەوتنە نێودەوڵەتییەکانی وەک کەش و هەوای پاریس و ڕێکەوتنی ناوەکی ئێران دەگەڕێتەوە بەڵام پرسی پەیوەندییەکان لە گەڵ ئێران بە تایبەت هەڵگرتنی گەمارۆ نەوتییەکان لە کۆتایی پلان و بەرنامەکانی ناوبراودایە و پێویستی بە کاتێکی زیاتر دەبێت.
لە دانوستانەکانی ساڵی 2015 پرسی ڕێکەوتنی ناوەکی ئێران بووە جێی مشتومڕی دیمۆکراتەکان و کۆماریخوازەکان لە ئەمریکا و هەر ئەوەش بووە هۆکاری پەسەندنەکردنی لە ئەنجومەنی پیران و ئەم کێشەیە هەر ئێستاش بەردەوامە.
ئاسانترین ڕێگای گەڕانەوە، ئەوەیە کە ئێران و ئەمریکا بەڵێنەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن و وەک چوار ساڵی ڕابردوو ئەندامێک لەو ڕێکەوتنە بن، پێش ئەوەی کە هەوڵی چارەسەرکردنی نیگەرانییەکانی دیکە بدەن. ئەگەر ئەمریکا هەڵگرتنی گەمارۆ و سزاکانی ئێران بە کۆتایی هاتنی پاڵپشتییەکانی ئەم وڵاتە لە گرووپەکانی وەک حوسییەکانی یەمەن، حیزبووڵای لوبنان و حەماسی فەڵەستین ببەستێتەوە، ئەستەمە کە هەر دوو وڵات بتوانن بە ئاسانی کۆتایی بە ناکۆکییەکانیان بێنن.
ئەگەر گەمارۆکانی سەر کەرتی هەناردەی نەوتی ئێران هەڵبگیرێت، کۆماری ئیسلامی ئێران دەتوانێت بە ئاسانی بۆ ئاستی هەناردەی ڕۆژانەی خۆی، واتە 4 ملیۆن بەرمیل بگەڕێتەوە، وەک چۆن کە لە ساڵی 2016 ئەوەی کردووە.
تا بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆماری ئێران لە 18 ی حوزەیرانی 2021 ئەستەمە کە کارێکی ئەوتۆ بکرێت. پاڵاوگەکانی ئەورووپا، ژاپۆن، کۆریای باشور و هیندستان بە ئاشکرا ناتوانن نەوتی ئێران بکڕن ئەگەر سزاکانی ئەمریکا بەم شێوەیە بەردەوام بێت، مەگەر ئەوەی کە ئەوەیان بۆ دەستەبەر بکرێت کە ناکەونە بەر شەپۆلی سزاکانی واشنتن کە ئەمەش تەنیا بە هەڵگرتنی گەمارۆکان دەبێت.
بەڵام چین هەوڵ دەدات درێژە بە هاوردەی نەوتی ئێران بدات، چاوەڕوان ناکرێت ئەو ڕێژە هێندە زۆر بێت کە بگاتە ئاساییبوونەوەی هەناردەی نەوتی ئەم وڵاتە.