وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران وتی کە تاران بە فەرمی هۆشداریی بە ئەمریکا داوە کە لە دادگای باڵای نێودەوڵەتی سکاڵا لە دژی ئەو وڵاتە تۆمار دەکات.
بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەعید خەتیب زادە ڕایگەیاند کە ئێران یادداشتێکی فەرمی هۆشداریی داوەتە ئەمریکا لە ڕێگای باڵیۆزخانەی سویسراوە لە تاران.
ناوبراو لە سەر ناوەڕۆکی ئەو یادداشتە، وتی: بە لایەنی ئەمریکی هۆشداری دراوە کە ئەگەر هەنگاوە نایاساییەکانی ئەو وڵاتە لە دژی دیپلۆماتکارانی ئێرانی لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، بانکی جیهانی و سندۆقی نێودەوڵەتی دراو کە بارەگاکانیان لە خاکی ئەمریکادایە، بەردەوام بێت، لە دادگای باڵای نێودەوڵەتی سکاڵا لە دژی واشنتن تۆمار دەکرێت.
خەتیب زادە وتی: حکومەتی ئەمریکا ماوەیەکی زۆرە کە بە پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکان مافی دیپلۆماتکارانی ئێرانی لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و خێزانەکانی ئەوانی پێشێلکردووە و ئەمەش ئاستەنگی بۆ چالاکییە فەرمییەکانی ئەوان خوڵقاندووە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی: حکومەتی ئەمریکا سەرەڕای بەڵێنەکانی خۆی وەک ئەو وڵاتەی میوانداری لە چەند دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتی دەکات، هیچ کات بە شیاوی ئەو ئەرکەی بە جێ نەهێناوە و بە درێژایی مێژوو دەستێکی باڵای لە ئازاردانی دیپلۆماتکارانی وڵاتانی نەیار و خێزانەکانی ئەوان هەبووە.