وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لێدوانەکانی مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ماوە تەواوبووی ئەمریکای بۆ بوونی پەیوەندی ئێران و ڕێکخراوی قاعیدە ڕەتکردەوە و وتی کە کۆماری ئیسلامی ئێران خۆی قوربانی دەستی تیرۆرە و پێشەنگی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزمە لە ناوچەکە.
بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ماریا زاخارووا لە چاوپێکەوتنێکدا لە گەڵ ئاژانسی ئێرنای ئێران وتی: نەک تەنیا هیچ بەڵگەیەک لە سەر بوونی پەیوەندی ئێران و قاعیدە نییە بەڵکوو ئێران خۆی وڵاتێکی ڕاستگۆ و جیدییە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم.
ناوبراو وتی: بەڵگەکان لە بەردەستە و ئەوە دەسەلمێنێت کە ئێران چۆن بۆ نموونە لە سوریا و عێراق ڕوبەڕوی گرووپە تیرۆریستییەکان بووەتەوە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا وتی: بەرپرسانی ئەمریکا لە بەرامبەر بەڵگەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم لە لایەن ئێرانەوە بێدەنگن و ئەم هەڵسووکەوتەی ئەوان تەنیا دەکەوێتە چوارچێوەی سیاسەتەکانی واشنتن لە دژی تاران.