سکرتێری پەرلەمانی سوریا وتی کە لە ڕوانگەی خەڵکی ئێمەوە هیچ جیاوازییەک لە نێوان سەرۆک کۆمارانی ئەمریکادا نییە و ڕزگاربوونمان تەنیا بە خەباتی خۆمان دەبێت و بەدەر لە خۆڕاگری هیچ بژاردەیەکیش لە بەردەم ئێمەدا نییە.
بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، میسا ساڵح سکرتێری پەرلەمانی سوریا لە وتووێژی لە گەڵ ئاژانسی ئیلنای ئێرانی سەبارەت بە تێڕوانینی جۆبایدن سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی ئەمریکا و بەراوردکردنی بە دوناڵد ترەمپەوە، وتی: جۆبایدن جیاوازییەکی ئەوتۆی لە گەڵ دوناڵد ترەمپ نییە تەنیا لە وردەکارییەکاندا نەبێت. بایدن و ترەمپ لە هێڵە گشتییەکانی سیاسەتی ئەمریکا هاوشێوەی یەک بیر دەکەنەوە، لە بەر ئەوەی کە ئەوان جێبەجێکاری سیاسەتەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکان، جیاوازییەکی نییە کێ دەبێتە سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە. ئەمریکا بەردەوام سیاسەتی خۆسەپاندنی جێبەجێ کردووە و ئەم سیاسەتەش بە سەرۆک کۆماری دیمۆکرات یان کۆماریخواز تووشی گۆڕانکاری نابێت.
ناوبراو وتی: ئەمریکا خاوەن سیاسەتێکی بنەڕەتییە بەڵام شێوازی جێبەجێکردنی جیاوازە و ئەم سیاسەتە چوار بەشی سەرەکیی هەیە:
یەکەم: دابەشکردنی وڵاتانی ئاسیا، ئەفریقا و ئەمریکای لاتین بە ئامانجی کۆنتڕۆڵکردنی ئاسانی ئەوان.
دووەم: بەهێزکردنی ناتۆ لە پێناو بەرژەوەندی وڵاتانی دەوڵەمەند و بەهێزی وەک یەکێتی ئەورووپا و ژاپۆن.
سێهەم: ڕواڵەتی دوژمن تووشی گۆڕانکاری ببێت و چیدی کەسیک لە گەڵ ئەوەی کە ڕەخنەگرانی ئەمریکا دوژمنن، دژایەتی نەکات.
چوارەم: زۆر و هێز بووەتە سەرچاوەی شەرعییەتی نێودەوڵەتی، تەنانەت بەمەش ڕانەوەستاوە و یاسای نێودەوڵەتی پاساوی بۆ بەکارهێنانی زۆر هێناوەتەوە.
سکرتێری پەرلەمانی سوریا وتی: ئەم سیاسەتە لە لایەن هەر سەرۆک کۆمارێکی ئەمریکاوە جێبەجێ دەکرێت، ئەڵبەت هەر سەرۆک کۆمارێک بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتەکان شێوازی تایبەت بە خۆیی هەیە. ترەمپ لە سیاسەتی دەرەوە گرنگیی بە ئابوری دەدا تا سیاسەت و بایدن گرنگی بە سیاسەت دەدات تا ئابوری.
میسا ساڵح وتی: ئێمەی خەڵکی سوریا متمانەمان بە هیچ سەرۆک کۆمارێکی ئەمریکا نییە، بەڵکوو بە تەواوی لەوەش ئاگادارین کە ڕزگاربوونمان تەنیا بە خەباتی خۆمان دەبێت و هیچ بژاردەیەک بەدەر لە خۆڕاگری لە بەردەم ئێمەدا نییە. گەلی سوریا دەبێت بەرگری لە ناسنامە و بوونی خۆیان بکەن، ئەوەش کە یاری بە شووناسی خۆیەوە دەکات چارەنووسی شکستە. لە ڕوانگەی ئێمەوە ئەمریکا هێزێکی داگیرکارە کە چەند ناوچەیەکی خاکی ئێمەی داگیر کردووە و هێزی نایاسایی تێدا جێگیر کردووە و هەڵسووکەوتی ئێمە لە گەڵ ئەوان وەک هێزێکی داگیرکار دەبێت.
ناوبراو وتی: واشنتن دوو ئامانجی سەرەکیی لە سوریا هەیە. یەکەم: تاڵانکردنی سەروەت و سامانی سوریا و دووەم: دابینکردنی ئاسایشی ڕژێمی زایۆنیستی.
سکرتێری پەرلەمانی سوریا لە درێژەدا وتی: واشنتن دەستەواژەکانی وەک دیمۆکراسی و مافی مرۆڤ تەنیا لە پێناو مسۆگەربوونی بەرژەوەندییەکانی خۆی بەکار دێنێت، هەر بۆیە باسکردن لە دیمۆکراسی لە سوریا و وڵاتانی هاوشێوەی لە لایەن ئەمریکاوە تەنیا بۆ تاڵانکردنی سەروەت و سامانی خەڵکە.
میسا ساڵح وتی: بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریا جەختیکردووەتەوە کە دیمەشق سیاسەتی خۆیی لە سەر کۆنتڕۆڵکردنەوەی ناوچەکان بە پێی تایبەتمەندییەکانی دیاری کردووە، تایبەتمەندی هەر ناوچەیەکیش بە پێی داگیرکردنی لە لایەن ئەمریکا، تورکیا و هەسەدەوە پێناسە دەکرێت. هەمووان دەزانن کە هێزەکانی سوریای دیمۆکرات بوونەتە ئامرازی دابینکردنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و لە ڕاستیدا هەمان ئامانجی یەکەم واتە تاڵانکردنی سەروەت و سامانی سوریا مسۆگەر دەکەن.