ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق وتی کە دوناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ماوە تەواوبووی ئەمریکا دەبێت بە هۆی تاوانی شەڕ و سزادانی کەسایەتییە نیشتمانپەروەرەکانی عێراق دادگایی بکرێت.
بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، موختار موسەوی ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق وتی: پاش ئەو هەموو تاوانەی دوناڵد ترەمپ، لە تاوانی شەڕەوە تا سزادانی بەرپرسان و کەسایەتییە عێراقییەکان، دەبێت دادگایی بکرێت.
ناوبراو وتی کە ئەمریکا درێژە بە سەپاندنی سزا بە سەر کەسایەتییە ناسراوەکانی عێراق لە ناوخۆ و دەرەوەی ئەم وڵاتە دەدات.
موسەوی وتی: بڕیارەکانی ئەمریکا بۆ سزادانی کەسایەتییە عێراقییەکان هیچ پاساوێکی یاسایی نییە و تەنیا جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی ترەمپە کە دەبێت بە هۆی تاوانی شەڕ و تەنانەت ڕووداوەکانی ئەم دواییەی ناوخۆی ئەمریکاوە دادگایی بکرێت.
ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق وتی: ئەم بڕیارانەی ئەمریکا دەستێوەردانی ئاشکرایە لە کاروباری ناوخۆیی عێراق و دەبێت حکومەت وەڵامی بداتەوە.