محەممەد کەریم بەهادۆرخانی زەند ناسراو بە کەریم خانی زەند لە ساڵی 1086 ی کۆچی هەتاوی لە گوندی پەری لە قەزای مەلایر لە پارێزگای هەمەدانی ڕۆژئاوای ئێران لە دایکبووە و ساڵی 1157 ی کۆچی هەتاوی لە شاری شیراز کۆچی دوایی کردووە. ئەو دامەزرێنەری دەسەڵاتی زەندییەکان بووە.
بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، چیرپکی گۆڕەکەی کەریم خانی زەند لە کتێبە مێژووییەکانی ئێراندا باس کراوە.
گۆڕی کەرم خان کەوتووەتە مۆزەخانەی پارسی ئەمڕۆ یان بینای فەرەنگی لە بەرامبەر قەڵای کەریم خانی لە شاری شیراز و یەکێک لە شوێنە گەشتیارییەکانی شاری شیرازە.
پاش ئەوەی کە ئاغا محەممەدخان پانزە ساڵ پاش کۆچی دوایی کەریم خان دەستی بە سەر شیرازدا گرت، بە هۆی ڕق و کینی بەرامبەر بە ناوبراو گۆڕەکەی هەڵکەند و ئێسک و پروسکەکەیی بردە تاران و لە نهۆمی ژێرەوەی کۆشکی گوڵستان ناشتییەوە تا وەک بێڕێزییەک ڕۆژانە بە سەریدا تێپەڕ بێت.
لە سەردەمی ڕەزاخان (150 ساڵ پاش کۆچی دەوایی کەریم خان) فەرمان درا کە دیسانەوە ئەو گۆڕە هەڵبکەندرێتەوە و ببرێتەوە شیراز، بەڵام بە هۆی نەخۆشی منداڵەکەی ئەم کارە دوا خرا.
هەندێکی دیکەی دەڵێن کە ڕەنگە ئێسک و پروسکی کەریم خانیان بردبێتە شاری نەجەف یان مەزارگەی شا عەبدولعەزیم لە نزیک تاران، بەڵام هیچ بەڵگەیەک لە سەر ئێسک و پروسکی دامەزرێنەری زەندییەکان نییە.