پارێزگاری کرماشان ڕایگەیاند کە کێڵگەیەکی گازی نوێ لە نێوان قەزاکانی سەرپێڵی زەهاو و گێڵانی ڕۆژئاوا دۆزراوەتەوە کە بە زووترین کات کەڵکی لێ وەردەگیرێت.
بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، هوشەنگ بازوەند لە کۆبوونەوەی حکومەت و کەرتی تایبەت کە لە بینای پارێزگای کرماشان بەڕێوەچوو، وتی: بە پێی ئەو کۆبوونەوانەی لە گەڵ وەزیری نەوتی ئێران هەبووە، بڕیار دراوە کە بە بڕی 2 ملیار دۆلار لەم پارێزگایە وەبەرهێنان بکرێت.
ناوبراو ڕایگەیاند کە تیمە ڕاوێژکار و پسپۆڕەکانی وەزارەتی نەوت کێڵگەیەکی گازی نوێیان لە نێوان قەزاکانی سەرپێڵی زەهاو و گێڵانی ڕۆژئاوا دۆزیوەتەوە کە وەزارەتی نەوت بەم دەرفەتە نوێیە، پاڵاوگەیەک و پترۆکیمیایەک لە ناوچەکە دەکاتەوە.
پارێزگاری کرماشان وتی: ئەمە گەورەترین پرۆژەی وەزارەتی نەوتە و دەتوانێت دواکەوتوویی پارێزگای کرماشان لە هەشت ساڵ شەڕی سەپێندراوی عێراق لە دژی ئێران قەرەبوو بکاتەوە.
بە وتەی بازوەند، ئەم دوو پرۆژەیە تا کۆتایی ساڵی 1399 ی کۆچی هەتاوی (دوو مانگی دیکە) دەخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە.
پارێزگاری کرماشان وتی: پرۆژەی گەورەی پاڵاوگەی ئیسلام ئاوای ڕۆژئاواش کە پلانەکەی لە لایەن وەزارەتی نەوتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە داڕێژراوە، تا کۆتایی ئەمساڵ دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
پارێزگای کرماشان 2 ملیۆن حەشیمەتی هەیە و هەزار یەکەی وەبەرهێنەری هەیە کە 30 هەزار هەلی کاریان دابین کردووە.
لە ئێستادا سێ یەکەی پترۆکیمیا و پاڵاوگەیەک لە کرماشاندا چالاکن.
گێڵگە گازییەکانی ئێران:
ڕێژەی یەدەکی گازی سرووشتی ئێران زیاتر لە 33 ترلیۆن مەتری سێجا خەمڵێندراوە. ئێران لەم بوارەدا بە دووەم وڵاتی جیهان دادەنرێت و لە سەدا 17 ی گازی جیهانی هەیە.
سەرجەم کێڵگە گازییەکانی ئێران وەک گێڵگە نەوتییەکان، سەر بە کۆمپانیای نیشتمانی نەوتن و ئەم کۆمپانیایە لە ڕێگای کۆمپانیا پەیوەندیدارەکانەوە ئەرکی دەرهێنانی گازی لە ئەستۆیە کە پاش وەبەرهێنان بۆ دابەشکردن دەدرێتە کۆمپانیای نیشتمانی گازی ئێران.
لە ئێستادا دەفرایەتی وەبەرهێنانی گازی سرووشتی کۆمپانیای نیشتمانی نەوتی ئێران بە شێوازی مامناوەند 830 ملیۆن مەتری سێجای ڕۆژانەیە کە 70 ملیۆن مەترسی سێجا ڕۆژانە دەدرێتە وێستگەکانی وەبەرهێنانی کارەبا و پیشەسازی ناوخۆیی، 130 ملیۆن مەتری سێجاش ڕۆژانە دەدرێتە کۆگا نەوتییەکان، 30 ملیۆن مەتری سێجا ڕۆژانە هەناردەی وڵاتانی دەرەوە دەکرێت و ئەوی دیکەشی بۆ بەکارهێنان بە سەر ماڵاندا دابەش دەکرێت.