سەرکردەیەکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا جەختیکردەوە کە حکومەتی عێراق دەبێت تا پێش وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان، بە خێرایی بڕیارەکەی پەرلەمان بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا جێبەجێ بکات.
بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕەعد ئەڵماس لە سەرکردەکانی دەوڵەتی یاسا جارێکی دیکە جەختی لە سەر دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق کردەوە.
ئەڵماس کە ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراقە، وتی: سەرجەم گرووپە نیشتمانپەروەرەکانی عێراق لە مەترسییەکانی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە بنکە سەربازییەکان ئاگادارن.
ناوبراو وتی: هێزەکانی ئەمریکا دەستیان لە چەندین تاوانی تیرۆریستی لە دژی هێزەکانی خۆڕاگری و فەرماندەکانی حەشدی شەعبیدا هەبووە.
ئەم سیاسەتمەدارە عێراقییە وتی: کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق کۆتایی بە گەورەترین قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دێنێت و ڕێگری لەوەش دەکات عێراق ببێتە شوێنی شەڕ و ململانێ و کەسانی بێ تاوانی تێدا بکوژرێت.
وتیشی کە سەرجەم لایەنە عێراقییەکان بە هۆی کردەوە ئەمریکییەکان، لە گرنگی کشانەوەی ئەو هێزانە ئاگادارن.