سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی کە شکستی دوناڵد ترەمپ تەنیا کۆتایی یەک حکومەت نییە بەڵکوو شکستی سیاسەتی گەمارۆدان و تیرۆریزمی ئابورییە بەرامبەر بە گەلی ئێران.
بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەسەن ڕۆحانی لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی کۆماری ئیسلامی ئێران وتی کە ئەمڕۆ داڕووخانی ترەمپ و حکومەتەکەی دەبینین، ئەمەش پیشاندەری ئەوەیە کە لە جیهاندا سیاسەتی ڕەگەزپەرستی و پێشێلکردنی یاسا و مافی وڵاتان ئەنجامێکی نابێت.
ناوبراو وتی: لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوو کە خەڵکی ئازیزی ئێمە لە بەرامبەر ئەم تیرۆریستە گەورەی مێژوو خۆڕاگرییان کرد و سەرەڕای ئەوەی کە هەوڵیان دەدا لە ماوەی سێ مانگدا دەسەڵاتی ئێمە بڕووخێنن، خۆیان بە ڕیسوابوونێکی مێژوویی کۆتاییان هات.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: ئەم ڕۆژانە کۆتایی حکومەتێک نییە و ئێمە شکستی سیاسەتی گەمارۆدان و زیاترکردنی گوشارە ئابورییەکان کە دژی گەلی ئێران دەبینین، ئەوانەی کە هەوڵیان دەدا ژیانی خەڵک بڕووخێنن و بە کردەوە تیرۆریستییەکانیان کۆتایی بەم دەسەڵاتەی ئێران بێنن بەڵام دەبینین کە ئێران بەرەو گەشەی ئابوری زیاتر دەڕوات سەرەڕای ئەو هەموو سزا و گەمارۆ نامرۆڤانەی سێ ساڵی ڕابردووی ئەمریکا.