سەرۆکی بانکی ناوەندی ئێران جەختیکردەوە کە کۆریای باشور دەبێت 7 ملیار دۆلار پارەی ڕاگیراوی ئەم وڵاتە و سوودەکەی بۆ تاران بگەڕێنێتەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەبدولناسر همەتی لە کۆبوونەوەی لە گەڵ شاندێکی کۆریای باشور بە سەرۆکایەتی چوی جونگ کان بریکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە کە لە تاران بەڕێوەچوو، وتی: ئێران 7 ملیار دۆلاری لە کۆریای باشورە کە بە بیانووی گەمارۆکانی ئەمریکاوە دەستی بە سەردا گیراوە و دەبێت بە زووترین کات بگەڕێندرێتەوە.
بەرپرسەکەی کۆریای باشور لەو کۆبوونەوەدا پێشنیاری ئەوەی کردبوو کە پێداویستی پزیشکی تایبەت بە کۆرۆنا ڕەوانەی ئێران بکرێت کە ڕوبەڕوی وەڵامی توندی سەرۆکی بانکی ناوەندی ئێران بووەتەوە.
سەرۆکی بانکی ناوەندی ئێران ڕایگەیاندووە کە کێشەی ئێمە بە 20 یان 50 ملیۆن دۆلار چارەسەر ناکرێت و لەمەش زیاتر ئێران خۆی وەبەرهێنەری کیتی پشکنینی کۆرۆنایە و پێویستی بە هاوردەکردنی نییە.
ناوبراو وتی کە کۆریای باشور لە ئێستادا کەڵک لەو سەرچاوە داراییەی ئێران وەردەگرێت.
ئێران بەنیازە کە ئەو پارەیە بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکان بەکار بێنێت بەڵام کۆریای باشور بە بیانووی گەمارۆکانی ئەمریکاوە ڕێگری لە گەڕانەوەی دەکات.