جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند کە لێژنەی هاوبەشی ئابوری دەتوانێت دانوستانەکان و جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکانی نێوان تاران و بەغدا خێراتر بکات. وتیشی کە پلانمان هەیە ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان هەر دوو وڵات بگاتە 20 ملیار دۆلاری ساڵانە.
بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئێسحاق جیهانگیری جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری ئێران لە چاوپێکەوتنی وەزیری بازرگانی عێراق و شاندی یاوەری جەختی لە سەر هەستیاری دۆخی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردەوە و وتی کە هاوکاری وڵاتانی ئیسلامی بە گشتی و بە تایبەت هاوکارییەکانی نێوان ئێران و عێراق لە دابینکردنی ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە گرنگی زۆری هەیە.
ناوبراو بە ئاماژە بە هاوکارییە سیاسی و ئەمنییەکانی نێوان هەر دوو وڵات لە ئاستە جیاجیاکان، وتی: بەرەنگاربوونەوەی داعش نموونەیەک لە هاوکارییەکانی نێوان هەر دوو وڵات بۆ دابینکردنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە بووە و ئێران بەردەوام پاڵپشتی لە پرۆسەی سیاسی و یەکپارچەیی خاکی عێراق دەکات.
جیهانگیری بە ئاماژە بە یەکەم ساڵۆگەڕی تیرۆری شەهیدان سولێمانی و موهەندیس وتی: ئەم تاوانەی ئەمریکا هیچ کات لە بیر ناکرێت و دڵنیاین بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا یارمەتیدەری ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە دەبێت.
ناوبراو وتی: هەر دوو وڵاتی ئێران و عێراق پلانی زۆر گرنگیان بۆ گەشە و پێشکەوتن هەیە و دەبێت هەوڵ بدەین بە هاوکاری هاوبەش بە تایبەت لەم قۆناغەی کە ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەریی لە سەر پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکان داناوە، ئەو پلانانە بەرەو پێش ببەین.
جێگری یەکەمی سەرۆک کۆماری ئێران بە ئاماژە بە بەڕێوەچوونی خولی چوارەمی کۆبوونەوەکانی لێژنەی هاوبەشی ئابوری نێوان هەر دوو وڵات وتی: ئەم لێژنەیە دەتوانێت بۆ جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکانی نێوان هەر دوو وڵات ڕۆڵی هەبێت، بە تایبەت ئەو ڕێکەوتنانەی کە لە سەردانەکەی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ بەغدا و سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ تاران واژۆیان لە سەر کراوە.
ئێسحاق جیهانگیری وتی: لە سەردانەکەی حەسەن ڕۆحانی بۆ بەغدا بەرزکردنەوەی ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان ئێران و عێراق تا 20 ملیار دۆلار وەک ئامانجێک دیاری کراوە و لێژنەی هاوبەش دەبێت بۆ گەیشتن بەو ئامانجە هەوڵ بدات.
عەلا ئەحمەد جبوری وەزیری بازرگانی عێراقیش لە درێژەی ئەو چاوپێکەوتنەدا وتی: لەم سەردانەدا کەرتی حکومی و کەرتی تایبەتی عێراق ئامادەن هەنگاوی پێویست بۆ بەرەوپێشبردنی ڕێکەوتنەکانی نێوان هەر دوو وڵات هەڵبگرن.