قەڵای برازجان لە شاری برازجان ناوەندی قەزای دەشتستان بە یەکێک لە ئاسەوارە مێژووییەکان و شوێنە گەشتیارییەکانی پارێزگای بوشەهر لە باشوری ئێران دادەنرێت.
بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەم بینا تایبەتمەندە کە بە قەڵای برازجان یان کاروانسەرای موشیرئەلمولک دەناسرێت، کەوتووەتە بەرامبەر گۆڕەپانی شەهید چەمران لە شاری برازجان و بە یەکێک لە بینا مێژووییەکانی سەردەمی قاجاڕەکان دەناسرێت.
بیناکە لە ساڵی 1288 ی کۆچی مانگی بەرامبەر بە ساڵی 1250 ی کۆچی هەتاوی لە سەر فەرمانی خێرخوازێکی شیرازی بە ناوی حاجی میرزا ئەبولحەسەن خان موشیر ئەلمولکی شیرازی بە بودجەیەکی 40 هەزار تمەنی بە پارەی ئەو سەردەمە کراوەتەوە.
ئەندازیاری بیناکە کەسێک بووە بە ناوی حاجی محەممەد ڕەحیم شیرازی و کەڵکی لە شێوازی بیناسازی سەردەمی زەندییەکان لە ئێران وەرگرتووە.
ئەم قەڵایە ماوەیەک وەک گرتووخانە بەکار هاتووە و لە بنەڕەتدا کاروانسەرایەکی سەردەمی قاجاڕە. ساڵی 1362 ی کۆچی هەتاوی بە ژمارە 1638 لە ڕیزی ئاسەوارە نیشتمانییەکانی ئێراندا تۆمار کراوە.
ئەم کاروانسەرایە 68 ژووری هەبووە کە دواتر بە هۆی چەندین جار نۆژەنکردنەوە، ژمارەی ژوورەکان زیاد یان کەم کراون.
لۆرد کەرزەن سیاسەتمەداری بەریتانی کە سەردەمێک سەردانی ناوچە جیاجیاکانی ئێرانی کردبوو و بە وتەی خۆی کاروانسەراکانی لە نزیکەوە بینیبوو، سەبارەت بە شکۆ و تایبەتمەندی قەڵای برازجان وای نووسیوە کە لە نێو ئەوانەی من بینیومە ئەم کاروانسەرایە باشترین بووە.