باڵیۆزی یەکێتی ئەورووپا لە بەغدا ڕایگەیاند کە لە بەرژەوەندی هەموواندایە عێراقێکی پێشکەوتوو، سەقامگیر و بەهێز و خاوەن سەروەری، وەک کلیلی سەقامگیری ناوچەکە ڕۆڵی هەبێت.
بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مارتین هوت جەختیکردەوە کە سەقامگیری، پێشکەوتوویی و دەسەڵاتی تەواوی عێراق بە کلیلی سەرەکی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە دادەنرێت.
ناوبراو وێڕای بەرزنرخاندنی هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە و تاوتوێکردنی چۆنیەتی چاودێریکردنی ئەو هەڵبژاردنە، وتی کە یەکێتی ئەورووپا هەوڵ دەدات ناوی عێراق لە ڕیزی ئەو وڵاتانەدا بێنێتە دەرەوە کە بە مەترسی ناو براون.
هوت وتی: هەمووان دەبێت بزانن کە عێراقێکی لاواز و ناسەقامگیر لە ئاکامدا دەبێتە وڵاتێکی شکستخواردوو کە کاریگەری نەرێنیی لە سەر ناوچەکە دەبێت، هەر بۆیە لە بەرژەوەندی هەموو لایەکدایە کە لە بونیادنانی عێراقێکی پێشکەوتوو، بەهێز، سەقامگیر و خاوەن سەروەری ڕۆڵیان هەبێت تا ئەم وڵاتە وەک کلیلی سەقامگیری ناوچەکە خۆی پیشان بدات.