بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مالی کتێبی کوردی بڵاوی کردەوە؛ بەرگی نۆیەم کە تایبەت بە پیتی «س»ـینە ۷۹٥ لاپەڕەی وەزیرییە.
دکتور محەممەد خزریئەقدەم لە بەشێک لە پێشەکییە تێروتەسەلەکەیدا دەڵێ: ئەم فەرهەنگە کە لەسەر داروپەردووی پاشەواری پێشینان ڕۆ نراوە و بە تانوپۆی ویستێکی زانستخوازانەی شێوازمەندەوە تەنراوە، چوار کەڵک و کاری سەرەکیی ئەدەبی، زمانی، فێرکاری و ئەنترۆپۆلۆژیکی لە ئامێزدایە و لە سۆنگەی ئەم تایبەتمەندی و کارکردانەشە کە دەبێ بڵێین فەرهەنگی زارەکیی موکریان هۆی داوەتەوە و هەتا ئێستاش لفە و دووانەکەی پێی نەناوەتە سەر ڕووی دنیایە؛ بۆیە نە دەكرێ ئەم کارە بچێتە بەراوردکێی هیچ شتێکی تر و نە هیچ فەرهەنگێکی تریش بخرێتە پارسەنگی؛ کەوابوو دەبێ چاو لە ڕێگای هاتنی کارێکی هاوشێوە بین و جا ئەو کاتی باسی پێکگرتن و سەنگاندنێ بکەین.
بەرگی ۱۰ پیتەکانی «ش، ع، غ، ف» دە خۆ دەگرێ و ۹٥٨ لاپەڕەی وەزیرییە. دکتور حەمید حەسەنی(فەرهەنگنووس و توێژەری باڵای فەرهەنگستانی زمان و وێژەی فارسی) لە بەشێک لە بۆچوونەکانیدا دەڵێ:
کاری وشەناسیی مەیدانی زۆر سەخت و تاقەتپرووکێنە. لەم بوارەدا تۆژەرانی ئەورووپایی، وەک «دەیڤید نیل مەکێنزی»، «ئۆسکار مان» و «ویلھێلم ئایلێرس» ھەندێک بەرھەمیان لێ کەوتووەتەوە. «فەرھەنگی زارەکیی موکریان»، نەک ھەر لە ناو کورد و ئێران، بەڵکوو لە ڕۆژھەڵاتی ناویندا تاقانەیە. بەتایبەت کە بنەمای ئەو بەرھەمەش لەسەر تۆژینەوەی مەیدانییە. «پایانیانی» ھەر بەو تاقە بەرھەمە ناوی خۆی، لە تۆژینەوەکانی ڕۆژھەڵاتناسیدا، بردووەتە ڕیزی نەمرانهوه.
عەلی سەمیمی کارنەخشین ئەرکی لاپەڕەبەندی و ڕازاندنەوەی کارەکەی لە ئەستۆ بووە و مامۆستا عەزیز ئالیی وردبین و کارزان لە باری فەننی و زمانییەوە بە کارەکەدا هاتووەتەوە. ماڵە ئەوان و خانەی بەڕێوەبەرانی بەڕێزی «خانەی موکریانی» [کاک کاروان، کاک مستەفا، کاک محەیدین، کاک مەلا برایم و کاکە ساماڵ]ـیش سەدهەزار جار ئاوەدان بێ.
کۆتایی/.