بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، وەزارەتی میراتی کەلتوری و گەشتیاری ئێران بەم دواییانە کردنەوەی مۆزەخانە بچووکەکانی لە گەڕەکەکان دەستپێکردووە تا هەر کەسێک ئەشیا و کەرەستەی کۆنی هەیە، بە خەڵکی پیشان بدات. یەکێک لە دانیشتووانی شاری تارانیش کە لە 70 ساڵی ڕابردوو لە گەڕەکی ئەسفەهانەکی کۆن یان هەمان جوتسایدی مەحەلاتی ژیان بە سەر دەبات، بڕیاری دراوە کە بەشێکی بچووک لەو ئەشیانەی لای ماوە، بە خەڵکی پیشان بدات.
عەلی عەسگەری کە خۆی لە ڕیزی ئەو کەسانەدایە کە خاوەنی کۆمەڵە ئەشیای کۆن و مێژوویین، بینایەکی بچووکی لە پارکی سەهەند یان هەمان باخی هەناری لە گەڕەکی کۆنی ئەسفەهانەک نزیک لە چوارڕێی ئاهەنگ لە شارەوانی ناوچەی 14 ی تاران وەرگرتووە و لە دوو ژووری وەک مۆزەخانە کەڵک وەردەگرێت. هۆڵی سەرەکی ئەم بینایە، یەک نهۆمی بووەتە شوێنی نمایشکردنی وێنەکان، ئەو وێنە کۆنانەی تاران وەک گەڕەکی سەرئاسیاو و دوڵاب، گۆڕستانی ئەرمەنەکان، گەرماوە کۆنەکان و ئەو پیشە و کارانەی کە ئێستا باویان نەماوە. تەنانەت وێنەکانی تایبەت بە جل و بەرگی خەڵکی ئەو ناوچانە لە ساڵانی پێش شۆڕشی ئیسلامی یان تەنانەت سەردەمی قاجاڕەکان.
ئەم وێنانەش بۆ ئەوانەی کە سەردانی پارکی سەهەند دەکەن و ئاشنایەتییان لە گەڵ ئەم گەڕەکانە هەیە، زۆر سرنجڕاکێشە، لە بەر ئەوەی کە پەیوەندی بە مێژووی ئەو گەڕەکانەوە هەیە کە ئێستا تێدا ژیان بە سەر دەبەن، هەر بۆیە هەستێکی نزیکایەتی لە گەڵ ئەو وێنانە بەوان دەدرێت.
ژوورێکی دیکە بۆ کەرەستە کۆنەکانی پیشە و کارەکانی ئەو سەردەمە تەرخان کراوە، ئەو پیشە و کارانەی کە زۆر کۆنن و ڕەنگە هیچ کات نەبینرێن، وەک گەرماوە کۆنەکان. یان ئەو کەرەستانەی کە پێی دەوترا خەڕاتی، ئەوانەش کە تەونیان دەکرد و لە ماڵە کۆنەکانی ئێران زۆر دەبینرا. لەو ژوورەدا تەنانەت کەرەستەی کۆنی ماڵانی ئەو سەردەمەی ئێران دەبینرێت، وەک ڕادیۆ و گرامافۆنەکان و کاتژمێرە کۆنەکان. پارەی ئاسنی سەردەمە جیاجیاکان لەم ژوورەدا دەبینرێن، لە سەردەمی سلوکیان تا سەدەی ڕابردوو. پارە ئاسنەکان بە کۆنترینی ئەو کەرەستانە دادەنرێن کە لەم ژوورەدا هەڵدەگیرێن. مۆزەخانەکەش بە ناوی مۆزەخانەی ئەسناف یان خاوەن پیشە و کارەکان ناو نراوە.
عەسگەری کە بەڕێوەبەری مۆزەخانەکەیە، ساڵانێک پێش ئێستا کۆکردنەوە و تەنانەت کڕینی کەرەستەکانی دەستپێکردووە و هیوادارە کە شوێن و بینایەکی گەورەتری هەبێت تا بتوانێت کەرەستە و ئەشیای کۆنی خەڵکی ئەو ناوچەیە نمایش بکات.
ئەو پێی وایە کە خەڵک دەبێت لە گەڵ مێژووی کۆنی خۆیان ئاشنا بکرێن. هەندێک لەو کەسانەی کە هاوگەڕەکەی عەلی عەسگەرین لەم کارەدا هاوکاری ناوبراو دەکەن، بۆ نموونە، ئەشیا و کەرەستەی بە شێوازی کاتی پێدەدەن تا لەو مۆزەخانەیە نمایش بکرێن.
سەردانیکردنی ئەو مۆزەخانەیە بە خۆڕاییە. عەسگەری خۆی لە سەر مۆزەخانەکە و ئەشیاکانی ڕوونکردنەوەی پێویست دەدات.