وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران وتی کە گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ ڕێکەوتنی ناوەکی بە بێ هەڵگرتنی گەمارۆکان هیچ سوودێکی بۆ ئێمە نابێت. جەختیشیکردەوە کە ئەورووپا و ئەمریکا بزانن کە لە سەر ئەو ڕێکەوتنە سەر لە نوێ دانوستان ناکەین.
بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد جەواد زەریف لە وتووێژی لە گەڵ پێگەی ڕاگەیاندنی KHAMENEI.IR وتی کە گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ ڕێکەوتنی ناوەکی بۆ ئێمە گرنگ نییە، ڕێکەوتنی ناوەکی وا نییە کە بە ئاسانی لێی بکشێیتەوە و دیسانەوە بگەڕێیتەوە، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان یاسای خۆیی هەیە.
ناوبراو بە ئاماژە بە سزادانی 50 کۆمپانیای چینی لە لایەن دوناڵد ترەمپەوە لە چوار ساڵی ڕابردوو، وتی کە هاوبەشەکانی ئێمە زیانیان بینیوە و ئەم زیانەش دەبێت قەرەبوو بکرێتەوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران وتی: ئەگەر بایدن فەرمانێکی جێبەجێکردن دەر بکات ئێمەش هەمان فەرمان دەردەکەین، هەر کات جێبەجێیان کرد ئێمەش جێبەجێی دەکەین، ئەمریکا بوو کە لەو ڕێکەوتنە کشایەوە و دەبێت بەڵێنەکانی جێبەجێ بکات.
زەریف وتی: لە نیوە شەو و لە ئۆتۆمبێلێکی مەدەنیدا شەهید سولێمانی فەرماندە ئازا و تێکۆشەرەکەی ئێمەیان بە شێوازی ترسنۆکانە تیرۆر کرد و بووە شەرمەزارییەکی هەمیشەیی بۆ دوناڵد ترەمپ، بەڵام پاش ئەم زیانە گەورە، خۆڕاگری وەک هەمیشە سەربەرزانە ماوەتەوە و بەردەوام دەبێت.
وتیشی کە هیچ مەرجێک لە لایەنەکانی دیکەی ڕێکەوتنی ناوەکی بۆ هەڵگرتنی گەمارۆکانی ئێران قبووڵ ناکرێت.