بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەیدەر بەرزنجی شرۆڤەکاری سیاسی عێراق لە وتووێژی لە گەڵ ئاژانسی ئیلنا ی ئێرانی سەبارەت بە ستراتیژ و سیاسەتەکانی جۆبایدن لە بەرامبەر ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و عێراق بە تایبەتی، وتی: بە بۆچوونی من سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی بایدن لە گەڵ دوناڵد ترەمپ جیاوازی زۆری دەبێت، لە بەر ئەوەی کە ئەم جیاوازییە لە سیاسەتی کۆماریخوازەکان و دیمۆکراتەکان لە ئەمریکا بە ڕوونی دەبینرێت. بایدن بە تایبەت سەبارەت بە ئێران و ڕێکەوتنی ناوەکی ئەم وڵاتە بۆچوونەکانی خۆیی خستووەتەڕوو و بەڵێنی کەمکردنەوەی سزاکانی داوە بەڵام دەبێت چاوەڕوان بین کە بە کردەوە چی ڕوو دەدات.
ناوبراو وتی: بایدن جەختی لەوە کردووەتەوە کە سیاسەتی خۆی لە بەرامبەر ناوچەکە دەگۆڕێت، ئەمەش هەمان ئەو بابەتەیە کە چاوەڕوان دەکرێت کاریگەریی لە سەر هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان لەم قۆناغەدا هەبێت. بە بۆچوونی من بە هاتنی بایدن تا ڕادەیەک ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەم دەبێتەوە.
بەرزنجی وتی: لە ڕووی سەربازیشەوە پێشبینی ناکرێت کە بایدن هەوڵی هەڵگیرسانی شەڕێک لە ناوچەکەدا بدات بەڵام لە ڕووی ئابورییەوە دەتوانین چاوەڕوانی باشتربوونی دۆخەکە بین، ئەویش بە هۆی ئەوەی کە سێبەری شەڕ لە سەر ناوچەکە تا ڕادەیەک هەڵدەگیرێت. لە ڕووی ئەمنیشەوە دەتوانین چاوەڕوان بین کە تا ڕادەیەک بەرەو سەقامگیری ببرێت نە ئاڵۆزترکردنی دۆخەکە. بەم هۆکارانە دەتوانین بڵێین کە سیاسەتی دەرەوەی بایدن جیاوازتر لەوەی ترەمپ دەبێت. پێویستە ئەوەش بوترێت کە کێشە ناوخۆییەکانی ئەمریکا وەک ئابوری و تەندرووستی وا دەکات ئیدارەی نوێی ئەو وڵاتە ئاوڕێ جیدیی لێ بداتەوە.
ئەم شرۆڤەکارە سیاسییە سەبارەت بە سیاسەتەکانی جۆبایدن لە عێراق وتی: پێناچێت دۆسیەی عێراق لە ڕیزی یەکەمایەتییەکانی بایدندا بێت و هەر بۆیە ئەگەری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئارادایە و هاوشێوەی باراک ئۆباما لە ساڵی 2011 لە گەڵ ئەم دۆسیەیە هەڵسووکەوت دەکات.
وتیشی: بە دڵنیاییەوە کە سیاسەتی ترەمپ لە ناوچەکە و عێراق بەردەوام نابێت و کۆتایی دێت لە بەر ئەوەی کە هەموو ئاماژەکان دان بەو ڕاستییەدا دەنێن کە ئەو سیاسەتە بەرهەمی بۆ ئەمریکییەکان نەبووە. بایدن ئەزموونی لە عێراقدا هەیە و وەک جێگری سەرۆک کۆمار لەم دۆسیەیە بە تەواوی ئاگادارە و نەخشەی سیاسی عێراق بە تەواوی دەزانێت، لە لایەکی دیکەوە پەیوەندیی لە گەڵ سیاسەتمەدارە عێراقییەکاندا هەیە و دەزانێت کە دۆسیەی عێراقدا چۆن بڕیار بدات.
حەیدەر بەرزنجی وتی: ئەڵبەت هەندێک پێیان وایە کە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا تووسی گۆڕانکاری نابێت، بەڵام ئەمە دوورە لە ڕاستی، لە بەر ئەوەی کە سیاسەتی دەرەوە بە سیاسەتی سەرۆک کۆمار تووشی گۆڕان دەبێت، هەر بۆیە سیاسەتێکی هەمیشەیی بوونی نییە و ئەو دۆسیانەی کە لە جیهان دەبینرێن بەڵگەن لە سەر ئەم ڕاستییە.
ناوبراو سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراقیش وتی: ئەمە بابەتێکە کە حاشای لێناکرێت، بەشێکی زۆری هێز و لایەنە سیاسییەکانی عێراق دژی مانەوەی ئەمریکییەکانن و داوای جێبەجێکردنی بریارەکەی پەرلەمان دەکەن. ئەگەر ئەوە لە ئارادایە کە تەنیا بنکەی هەریر یان بنکەی عەین ئەسەد بمێنێتەوە.
بەرزنجی سەبارەت بە داهاتووی عێراق لە سەردەمی سەرۆکایەتی جۆبایدن وتی: چەندین خاڵی گرنگ هەیە کە دەبێت باس بکرێت، هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی عێراق، جیاوازی سیاسەتی بایدن لە گەڵ ترەمپ. لە لایەکی دیکەوە بایدن خاوەنی بیرۆکەی دابەشکردنی عێراقە کە ئەوەش بە هۆی هەڵوێستی لایەنە سیاسییەکانەوە هیچ کات ڕوو نادات.