بەپێی ڕاپۆرتی جام کوردی، شاری داڵاهۆ هەڵکەتوو لە 100 کیلۆمەتری ڕۆژئاوای کرماشان بە حەشیمەتی 36 هەزار کەسییەوە لە بەڵگەنامە مێژووییەکان بە یەکێک لە ئاخێزگە سەرەکەییەکانی ئامێری تەنبوور لە ئاستی جیهان ناسراوە.
لەم شارەدا ژمارەیێکی زۆر لە دانیشتووان سەرقاڵی دروستکردن و ژەنینی تەنبوورن و خەڵکی کە زۆربەیان سەر بە ئایینی ئەهلی حەق یا خود یارسانن، ئەم سازە لە ڕێوڕەسمە ئایینی و مەزهە بییەکانی بەکاردێنن.
هەوڵێکی دوو ساڵە بۆ تۆمارکرنی تەنبوور
بەڕێوبەری دایرەی گشتیی میراتی کەلتووریی داڵاهۆ پاش ئەم مەراسیمە بۆ هەاڵنێری ئاژانسی هەواڵی کۆماری ئیسلامی ئێران (ئیرنا) وتی: لە دوو ساڵ پێشەوە هەوڵەکانمان بۆ تۆمارکردنی جیهانیی داڵاهۆ وەکوو شاری نەتەوەیی تەنبوور دەستیپێکرد.
ئومید قادری وێڕای ئاماژە بەوەی کە پووشپەڕی ئەمساڵ کارناسان و پسپۆڕانی میراتی کەلتووریی، پشتگیرییان لە گەڵاڵەی تۆماری داڵاهۆ وەکوو شاری نەتەوەیی تەنبوور کرد، وتی: زۆر بوونی ئاماری کارگەی دروستکردنی تەنبوور لە ئاستی پارێزگا، پشتگیریی خەڵک، ئێلێمانی شاریی، ناونانی شەقامێک بە ناوی تەنبوور لە ناو شاردا، چالاکیی خانەی تەنبوور و بەڕێوەچوونی چەندین فێستیڤاڵی جۆربە جۆری ژەنینی تەنبوور لە داڵاهۆ لە هۆکارە گرینگەکانی تۆمارکردنی ئەم شارە بە شاری نەتەوەیی تەنبوور بوو.
چالاکیی 700 ساڵەی کارگەکان
بە وتەی ناوبراو، لە شاری داڵاهۆ تەنانەت کارگەی بەرهەمهێنانی تەنبور هەیە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 700 ساڵ لەمەوپێش و تا ئێستاشی لەگەڵ بێت، بەردەوامە لە کار کردن.
بەڕێوبەری گشتیی میراتی کەلتووریی داڵاهۆ بە ئاماژە بەوەی کە وام بە سوودی کەمەوە بە بەرهەمهێنەرانی تەنبوور لە داڵاهۆ دەدرێت، ڕاشیگەیاند: پاش ڕەزامەندیی پارێزگاری کرماشان بەمزووانە بازاڕی ژمارە دووی پیشە دەستییەکانی داڵاهۆ بە ئامانجی خستنەبازاڕی تەنبوور و پیشەدەستییەکانی هاوپێوەند بەم ئامێرەوە لەم شارە دەکرێتەوە.
قادری بە ئاماژەی بەوەی کە ساڵی ڕابردوو هەرسین وەکوو شاری نەتەوەیی گڵیم تۆمار کرا، وتی: تۆمار کردنی ئەم شارە نەتەوەییە هەنگاوێکی کاریگەر لەپێناو ڕاکێشانی گەشتیار و گەشەسەندنی ئەم بوارە لە پارێزگایە.
تەنبوور بەشێکی جیانەبوو لە داڵاهۆ
بازوەند لەم مەراسیمەدا بەئاماژە بەوەی کە تەنبوور لەم ناچەیەی وڵات مێژووەکەی بۆ 6 هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، جەختی لە سەر ئەوە کردەوە کە تەنبوور لە ناوچەی داڵاهۆ بەشێکی دانەبەڕاوەی ڕێوڕەسم و بۆنەکانی شایی و شیوەنە و مۆسیقای تەنبوور لە هەموو شوێنێک ئامادەیە و دەبیسرێت.
ناوبراو، زیاتر وتی: خانەی تەنبوور بە ڕووبەری 3 هەزار مەتری دووجا لە بەشی گەهوارەی شاری داڵاهۆ بنیات نرا و تا پیش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا، چەندین فێستیڤاڵی جۆربەجۆر لە ئاستی نەتەوەیی لە بواری مۆسیقای تەنبوور بەڕێوەچووە.
بەڕێوبەری باڵای پارێزگا، هەڵبژاردنی داڵاهۆ وەکوو شاری نەتەوەیی بەرهەمهێنانی تەنبووری بە ڕووداوێکی گرینگ ناو برد و سوپاسی وەزیری گەشتیاری و پیشە دەستییەکان، جێگری پیشە دەستییەکانی وەزارتخانە، میراتی کەلتوری پارێزگا، نوێنەری شاری ئیسلام ئاباد و داڵاهۆ، قایمقامی داڵاهۆ و هەموو شارەزایان و ئەوانە کرد کە لەم ڕووداوە گرینگەدا دەوریان بینیوە.
بازوەند وتیشی: برایانی ئەهلی حەق، نیشتیمان پەروەری و پابەندیی خۆیان بۆ شۆڕشی ئیسلامی لە هەمان سەرەتاکانی سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی لە حزووری ئیمام خومەینی (رە) ڕاگەیاند. ئەم ئازیزانە لە ساڵانی بەرەڤانی پیرۆزدا لیوای تایبەت بە خۆیان هەبوو و 700 شەهیدیان پێشکەش بە شۆڕش کرد.
بەرنامەڕێژی کرماشان بۆ بوون بە شاری داهێنەر لە بواری مۆسیقادا
بەڕێوبەری گشتیی فەرهەنگ و ئێرشادی پارێزگای کرماشان ماوەیێک لەمەوبەر ڕایگەیاند کە بەرنامەڕێژی سەرەتایی بۆ گەیشتن بە نازناونی نەتەوەیی و نێودەوڵەتی شاری داهێنەر لە بواری هونەر و مۆسیقا کراوە.
بەهرام فازڵی زادە لەم بارەیەوە ڕایگەیاند: بۆ وێنە کارە سەرەتاییەکان بۆ تۆمارکردنی تەنبوور بە ناوی کرماشان ئەنجام دراوە و ئێمە تەنبوور بە تەنیا بە ئامێرێکی مۆسیقایی نازانین و ئەگەر ئەم سازە بە ناوی کرماشانەوە تۆمار بکرێت، بەشێک لە شوناسمان لە کەلتووری کۆمەڵایەتی و مێژوویی وڵات تۆمار دەکەین و لەو بوارەدا ناسنامەیێک بۆ خۆمان دەنووسینەوە.
ناوبراو جەختی کردە سەر چالاک بونی بەشی هونەریی زانکۆی هونەر و بیناسازیی زانستگای ڕازی و زیاتر وتی: مامۆستایانی دیار لە بەشەکانی مۆسیقا، وێنەکێشان و کاروباری کەلتووری لە پارێزگادا بوونیان هەیە کە لە زانکۆی ڕازی دەتوانن خوێندکاری باش و بە توانا پێبگەیێنن و ببنە هۆی گۆڕانکاری ئیجابی لە کۆمەڵگا و وڵات بە گشتی.
بەڕێوبەری گشتیی دایرەی فەرهەنگ و ئێرشادی کرماشان بە ئاماژە بە دەفرایەتی فەرهەنگی و هونەریی پارێزگای کرماشان و هەروەها ویست و ئیرادەی بەڕێوبەران لە پارێزگا بۆ پشتگیریی لە چالاکیی فەرهەنگی، ڕاشیگەیاند: بەشێکی گرینگ لە ڕەوتی جێبەجێ بوونی بەرنەمای فەرهەنگی لە ئەستۆی کەسایەتی ئەم بوارە و بوارەکانی هونەری و میدیاکارانی پارێزگایە کە دەبێ بە ئەرکی پێویستی خۆیان هەستن و کۆدەنگییەک درووست ببێت تا لە کۆتایی دا بۆ پارێزگا ببێتە ئیمتیازێک.
تەنبوور لە لایەن ئێرانەوە تۆمار بکرێت
سەرەڕای ئەوەی کە تەنبوور لە دونیای عەرەب بە سازێکی تەواو ئێرانی بە ئەژمار دێت، تا ئێستاشی لەگەڵ بێت ئەم ئامێرە لە یۆنسکۆ بە ناوی ئێرانەوە تۆمار نەکراوە.
مامۆستا و ژەنیارێکی پێشەنگ لە تۆماری نەتەوەیی سازی تەنبوور وەکوو هەوڵێک لە پێناو “هاودڵییەکی بەهێز لە ناو هەڵسووڕاوان و کەسایەتی فەرهەنگی” ناوبرد و خوازیاری تۆمار کردنی لە یۆنسکۆ بە ئامانجی ناساندنی مۆسیقای ڕەسەنی ئێرانی بە هەموو جیهان بوو.
یەحیا ڕەعنایی ماوەیێک لەمەوبەر لە ڕێوڕەسمی ڕونوێنی لە ئەلبۆمی مۆسیقایی “مەقاماتی دێرینی تەنبوور” لە فەرهەنگسەرای سەروی تاران، ڕایگەیاند: هیوادارام بە تۆماری نێودەوڵەتیی سازی تەنبوور بتوانین ئەم ئامێرە مۆسیقاییە بە هەموو جیهان بناسێنین و بیسەلمێنین کە خاوەنی ئەم مۆسیقایە، ئێرانە.
تەنبوور یەکێک لە کۆنترین سازەکانی ئێرانە کە لایەنی عێرفانی و مەقامی هەیە. ئەم سازە لە 13 بۆ 14 پەردە پێکهاتووە و دەستەکەی لە چێوی گوێزە و دیکەی بەشەکانی لە چێوی دارە تووە. بە گوێرەی بەڵگە و ئاسەوارە مێژووییەکان باس لەوە دەکرێت کە مێژووی ئەم ئامێرە بۆ 6 هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.
کۆتایی/.