بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بانکی جیهانی ڕایگەیاندووە کە لە ساڵی 2021 گەشەی ئابوری جیهان دەگاتە لە سەدا 4 و وەبەرهێنانی ڤاکسێنی کۆرۆناش کاریگەری زۆری لەم گەشە ئابورییەدا دەبێت.
لە ڕاپۆرتەکەی بانکی جیهانیدا هاتووە کە لە پاش پاشەکشەی لە سەدا 4.3 ی ئابوری جیهان لە ساڵی 2020 بە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە شەپۆلێک لە بێکاری و مایەپووچی و هەژاری ملیۆنان کەسی بە دواوە بوو، جیهان سەر لە نوێ لە ساڵی 2021 گەشەی لە سەدا 4 ی ئابوری بە خۆوە دەبینێت.
بانکی جیهانی جەختی لەوە کردووەتەوە کە کاریگەرییەکانی پەتای کۆرۆنا و بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە لە سەر کەرتی ئابوری جیهان بەردەوام دەبێت.
ئەم دامەزراوە نێودەوڵەتییە سەبارەت بە ئابوری ڕووسیاش ڕایگەیاندووە کە گەشەی ئابوری لەو وڵاتە لە ساڵی 2021 دەگاتە لە سەدا 2.6 کە تا ڕادەیەک پاشەکشەکەی ساڵی 2020 قەرەبوو دەکاتەوە. لە ڕوانگەی بانکی جیهانییەوە وەبەرهێنانی ڤاکسێنی کۆرۆنا لە ڕووسیا کاریگەری زۆری لە گەشەی ئابوری ئەو وڵاتە دەبێت.
بانکی جیهانی هەروەها گەشەی ئابوری تورکیای بە لە سەدا 4.5 و ئەورووپای ناوەڕاست بە لە سەدا 3.6 لە ساڵی 2021 پێشبینی کردووە.
هەروەها بە پێی ڕاگەیاندنی ئەو بانکە، گەشەی ئابوری چین لە سەدا 7.9 و ئەمریکا لە سەدا 3.5 و ژاپۆنیش لە سەدا 2.5 لە ساڵی 2021 دەبێت.